سەلاحەدین بەهائەدین بۆ پرسی چارەسەر لەگەڵ دەم پارتی و ئاکپارتی کۆدەبێتەوە

20-04-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیایە و سەردانی سری سورەیا ئۆندەری کرد. نوێنەری یەکگرتوو دەڵێت، ئەمینداری حیزبەکە بۆ پرسی چارەسەر لەگەڵ دەم پارتی و ئاکپارتیش کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین بە سەردانێک گەیشتە ئیستەنبووڵ. نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا بە رووداوی راگەیاند، یەکەم سەردانی بۆ لای سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بوو کە چەند رۆژێکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەژێر چاودێریی چڕدایە و لە نەخۆشخانە لەلایەن پەروین بوڵدانەوە پێشوازیی لێکراوە.
 
سری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامێکی شاندی ئیمراڵییە، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.
 
د. لوقمان باسکەدێری، نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا بە رووداوی راگەیاند، "مامۆستا سەلاحەدین سێ رۆژ لە تورکیا دەمێنێتەوە، لەگەڵ دەم پارتی و ئاکپارتیش کۆدەبێتەوە. پرۆسەی ئاشتی یەکەم بابەتی گفتوگۆکانی دەبێت و هەوڵی خۆی دەدات بۆ زیاتر سەرخستنی ئەو پرۆسەیە."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە دیدارەکەدا لەگەڵ پەروین بوڵدان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەمینداری یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد "شاندی ئیمڕالی و سری سورەیا ئۆندەر، لە رێگەیەکی باش و کاری خێردان، هەر بۆیە تەواوی خەڵکی کوردستان و ئاشتیخوازانی دونیا نیگەرانن بۆ نەخۆشی بەڕێز ئۆندەر و دوعای هەرچی زووە چاکبوونەوە بۆ بەڕێزیان دەکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پەروین بوڵدان بەناوی هاوکارانی و تەواوی بەرپرسانی دەم پارتییەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کرد و "ئەم سەردانەیان لە سۆنگەی هەستی بەرزی نیشتمانپەروەری و هاوسۆزی برایەتییەوە زۆر بەرز نرخاند."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە