نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ئامەد دەستیپێکرد؛ 14 شانۆگەری کوردی پێشکێش دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ئامەد دەستیپێکرد. لە تەواوی فێستیڤاڵەکەدا 19 شانۆگەری پێشکێش دەکرێن، 14ـیان بە زمانی کوردی و ئەوانی دیکە بە زمانی تورکین.
 
دوو شانۆگەری لەلایەن دوو تیپی شانۆیی کەرکووک و دهۆک، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە دوو شانۆگەریی دیکە لەلایەن دوو تیپی شانۆیی لە سەقز و ئورمییەوە، لەو فێستیڤاڵەی ئامەد پێشکێش دەکرێن.
 
ئۆزجەن ئاتەش، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی شانۆیی ئامەد دەڵێ "ئەمڕۆ، نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆیی ئامەد دەستپێدەکات و مایەی سەربڵندییە بۆ ئێمە، بێگومان ئێمە پێشتریش فێستیڤاڵمان دەکرد، پێش ئەوەی شارەوانیش ببەینەوە، دەمانکرد."  
 
لە فێستیڤاڵەکەدا چالاکیی جۆراوجۆر لەوانە یاریی کۆنی کوردەواری کران.
 
هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد لە فێستیڤاڵەکە ئامادەبوون. دۆغان هاتوون، هاوشارەداری ئامەد گوتی "لەکاتی هەڵبژاردندا پەیمانمان دابوو بە گەلی خۆمان و ئەو پەیمانەشمان بەجێگەیاند."
 
هونەرمەندانی باشووری کوردستان کە لە فێستیڤاڵەکە بەشدار بوون، دەخوازن ئەو چالاکییانەی پارچەکانی کوردستان لەیەکتر نزیک دەکەنەوە، زیاتر بن.
 
عادل حەسەن، شانۆکار لە باشووری کوردستان بە رووداوی گوت "هەموو بۆچوون و هزری جیا ئەمڕۆ لەو باخچەیەی ئامەد باس دەکرێن، هیوادارین ئەمە کاریگەریی لەسەر رەوشی سیاسیی کوردستانیش هەبێت و دانووستاندن بکەن."
 
لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا زۆر هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئامادە بوون، بەگوتەی ئەوان لە رێگەی هونەریشەوە کورد هەستێکی هاوبەشیان بۆ دروست دەبێت.
 
قوتبەدین سادقی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ "بە بیروباوەڕی من، فێستیڤاڵی شانۆ گرنگترین جێگەیە بۆ ئەو چاوپێکەوتن و هاتووچۆ فەرهەنگییە و بۆ بەهێزکردنی فەرهەنگی گفتوگۆ و دیالۆگ."
 
فێستیڤاڵی شانۆ لەدوای دانانی قەیووم، یەکەمجارە بە پشتیوانیی شارەداریی گەورەی ئامەد سازدەکرێت، فێستیڤاڵەکە تاوەکو 27ـی نیسان بەردەوام دەبێت و هەر ئێوارەیەک دوو شانۆگەری نیشاندەدرێن.