ئەردۆغان: لە تەکنەلۆژیای درۆندا لە یەکەمەکانی جیهانین

20-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا، پەسنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "لە تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە سێ وڵاتی یەکەمی جیهانین." ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیای خستە نێو ریزبەندی "وڵاتە یەکەمەکان" ناوی جەنگی نیشتمانیی  KAANـە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی لە پارێزگای ئیسپارتا کرد، جگە لە ناساندنی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شار و شارۆچکەکانی ئیسپارتا گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، باسی لەو هەڵاوسانە کرد تووشی ئابووری وڵاتەکەی بووە و رایگەیاند، "بەو ئەنجامە ئەرێنییەی لەگەڵ دابەزینی رێژەی هەڵاوساندا دێتە ئاراوە، دەرفەتێکی باشتر بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانمان دەستەبەر دەکەین."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە تواناکانی تورکیا کرد لە بواری تەکنۆلۆژیای فڕۆکەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ''لە تەکنەلۆژیای درۆندا لە سێ وڵاتی یەکەمی جیهانین. بەفڕۆکەی جەنگی نیشتمانیی KAANمان بووینە یەکێک لەو چوار وڵاتەی جیهان، کە نەوەی پێنجەمی فڕۆکەمان دروستکردووە."
 
دۆخی غەززە بەشێک بوو لە گوتارەکەی ئەدۆغان و لەوبارەیەوە گوتی، "لەگەڵ خەم و پەژارەی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە، رەمەزانێکی خەمناک بەسەر دەبەین. وەک تورکیا بەو هاوکارییە زانراو و نەزانراوانە لە پاڵ برا غەززەییەکانمانداین."
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 50.59٪ی دەنگدەران مێینەن و 49.41٪یشیان پیاون. هەروەها ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، پێنج شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 336 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە