لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ رێگری لە منداڵێکی تەمەن 5 ساڵ دەکرێت

20-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کوڕە کوردێکی تەمەن پێنج ساڵە لە ئیستەنبووڵی تورکیا بە جلی کوردییەوە چوو بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێکرد و دوای هەوڵی پەرلەمانتارێکی هەدەپە چووە نێو ئاهەنگەکە.
 
دوای هەوڵی موسا پیرئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە، ئەو منداڵە تەمەن پێنج ساڵە توانیی بچێتە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە و یەکەم وێنەیشی لەگەڵ ئەودا گرت.
 
موسا پیرئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، "منداڵەکە لەگەڵ باوکیدا هات، تەپڵێکیشی پێ بوو. لەگەڵ پۆلیسدا قسەمان کرد، گوتیان رێگە نادەین بچێتە ژوورەوە. گوتیان ئەو منداڵە ناتوانێت بەم جلانەوە بچێتە ئەوێ. گوتیان ئەمە جلوبەرگی پێشمەرگەیە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە گوتیشی، بە هێزە ئەمنییەکانیان گوتووە، "ئەمانە جلوبەرگی هەرێمن. دووبارە گوتیان نایکەینە ژوورەوە. منداڵەکە توانیی لەگەڵ دایکیدا لە دەرگایەکی دیکەوە بچێتە ژوورەوە. دەسەڵات رەنگ و جلوبەرگی کوردیی پێ قبووڵ ناکرێت. هەروەها بوونیان قبووڵ ناکات. لە جەژنی نەورۆزدا ئارامی نەگرت و دوای نەورۆزیش نزیکەی 200 کەس دەستبەسەر کران."
 
کوڕێکی کوردیش لە شاری کۆجائەلیی تورکیا پۆلیس رێگە نەدا بە کڵاوی سەوز و سوور و زەردەوە بچێتە گۆڕەپانی نەورۆز.
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە توڕەیە و ناڕەزایی بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی پۆلیس پیشان دا و گوتی، "پۆلیس رێگەنەدان بە بردنە ژوورەوەی ئەم کڵاوە بە داهێنان دەزانێت، بەڵام ئێوە دەزانن کە ئەمە شەرمەزارییە. شەرمەزارییە رەنگی سەوز و سوور و زەرد وەکو مەترسی ببینن. لێرەوە داوا لە پارێزگاری کۆجائەلی دەکەم و دەڵێم: دەستبەجێ کۆتایی بەم شەرمەزارییە بهێنە."
 
جگە لەمانە، رۆژی یەکشەممە لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ، مێردین، وان و ئێلیهـ سەتان کەس دەستبەسەر کران. هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەرکردن و رێگرییەکان، گوتنی گۆرانیی کوردی، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، هەڵگرتنی رەنگی سەوز و سوور و زەرد و گوتنەوەی درووشمی پاڵپشتی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە