178 لە دەستبەسەرکراوانی ئاهەنگەکەی ئیستەنبووڵ ئازاد کران

20-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەو 224 کەسەی رۆژی یەکشەممە لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کران، ئەمڕۆ 178 کەسیان ئازاد کران.
 
کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی، رۆژی دووشەممە 20ی ئادار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، لەو 224 کەسەی رۆژی 19ی ئاداری 2023 لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کران، دوای وەرگرتنی گوتە لێیان 178 کەسیان ئازاد کران.
 
کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی دەڵێت، "ژمارەیەک لە دەستبەسەر کراوەکان بە تووندی ئەشکەنجە دراون. تاوەکو ئەو کاتەی ئەشکەنجەکاران سزا دەدرێن، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین."
 
پارێزگاری ئیستەنبووڵ رۆژی یەکشەممە 19-03-2023 رایگەیاند، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵدا کە لەلایەن رێکخستنەکانی هەدەپەی ئیستەنبووڵەوە لە گۆڕەپانی یەنیکاپی لە ناوچەی فاتیح رێکخرا، "هێزە ئەمنییەکانمان 224 کەسیان دەستبەسەر کرد کە هەوڵیان دەدا لافیتەی نایاسایی ببەنە نێو گۆڕەپانەکە و درووشمی نایاساییان دەگوتەوە."
 
هەر لەو بارەوە سەرحەد ئەرەن، گوتەبێژی دەستەی یاسا و مافەکانی مرۆڤی هەدەپە رایگەیاند، دوای ئاهەنگەکەی ئیستەنبووڵ رێپێوانێکی جەماوەری هەبووە و لەوێ 240 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
لە چوارچێوەی بەرنامەی نەورۆزی ئەمساڵ کە لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی - دەتەکە، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان - دەبەپە و تەڤگەری ژنانی ئازاد - تەژا راگەیێندراوە، رۆژی یەکشەممە 19ی ئاداری 2023 میتینگی نەورۆز لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، لەنێویاندا ئیستەنبووڵ.
 
هەمان رۆژ لە بورسا، ئەرگەنە لە تەکیرداغ، گەبزە لە کۆجائەلی، ئایڤاڵک لە باڵکئەسیر، ئیزمیر، مانیسا، ئایدن، دەنیزلی، موغڵا، مێرسین، ئانتاڵیا، ئەنقەرە، سێرت، ئێلیهـ ، شارۆچکەی قۆسەر لە مێردین، وان و چەندین شاری دیکە میتینگی نەورۆز بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە