وەزیری دادی تورکیا: ئۆجەلان بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوبکاتەوە

20-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دادی تورکیا لەبارەی داواکاری بۆ دیداری ئیمراڵی و پەیامی ئۆجەلان رایگەیاند، شاندی دەم پارتی تاوەکو ئێستا داواکاریی فەرمییان پێشکێش نەکردووە و ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی یاسا، سزادراو بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رای گشتیی بڵاوبکاتەوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە کاتی سەردانی سێیەمی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە دایەوە. 
 
یڵماز تونچ رایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتیی لە تشرینی یەکەمی 2024دا ئەنجامیدا کە بووە هۆی ئەوەی شاندی دەم پارتی دووجار سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات، ئەگەری سەردانی سێیەمیش لە ئارادایە. 
 
یڵماز تونچ راشیگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا شاندی دەم پارتی داواکاری فەرمییان پێشکێش نەکردووین. ئەگەر پێشکێشی بکەن، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و بە دڵنیاییەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی وەڵامی ئەرێنیشمان دەبێت. 
 
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، پێویستە هەمووان ئەوە بزانن، جۆرێک لە هەڵە تێگەیشتن هەبووە لەبارەی پەیامەکە، پێویستە ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە. بەپێی یاسا، بەهیچ شێوەیەک سزادراو بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رای گشتیی بڵاوبکاتەوە. یاسا رێگە بەم جۆرە کارە نادات. 
 
رۆژی 19ـی مانگ، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، پێشبینی دەکەن کۆتایی ئەم مانگە، یان سەرەتای مانگی داهاتوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامەکەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بڵاوبکاتەوە. 
 
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد چۆن دەستیانپێکرد؟
 
لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازبکات.
 
شاندی دەم پارتی تاوەکو ئێستا دوو جار سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند. رێبەری زیندانیکراوەی پەکەکە، لە پەیامەکانی جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردووەتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە شاندەکە، چەند رۆژێک لەمەوپێش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و، لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و نێوەڕۆکی پەیامەکانی ئۆجەلانیان تاوتوێکرد.
 
رۆژێک دواتر سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوایین وێستگەش لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە