ئەردۆغان: ئەوانەی ئاژەڵ و پەلەوەریان لە بوومەلەرزەدا فەوتاوە قەرەبوویان دەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، قەرەبوویان بۆ ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو گەیشتووەتە 80 ملیار لیرە، ئەوانەشی لە بوومەلەرزەکەدا ئاژەڵ و پەلەوەری فەوتاوە، قەرەبوو دەکرێنەوە. 
 
لە گوتارێکیدا کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 20-2-2023 لە پارێزگای هاتای باشووری تورکیا پێشکێشیکرد، ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی حکومەت کرد، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخەی دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکە دروستبووە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هاوکارییەکانی دەوڵەت گوتی: "ئەو پشتیوانییانەی بانکەکانمان بۆ ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو بەشێوەی قەرەبوو و پارەی نەختی تەرخانیانکردووە، گەیشتە 80 ملیار لیرە. بڕی تەرخانکراو بۆ جووتیارانی ناوچەکە گەیشتووەتە 2.8 ملیار لیرە، هەروەها ئەو پەین و گازوایلەی وەکو قەرەبوو پێیاندەدرێت، مانگی شوبات دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا بەڵێنی بە ئاژەڵداران دا و جەختیکردەوە، بە بڕی 530 ملیۆن لیرە پشتیوانیی کەرتی ئاژەڵداری دەکرێت کە بڕیاربوو تاوەکو کۆتایی ساڵ پێیان بدرێت، بەڵام لە ناوچە زیانلیکەوتووەکانی بوومەلەرزە تاوەکو کۆتایی شوبات دابەشدەکرێت. 
 
ئەردۆغان جەختیشیکردەوە هەلیکار بۆ 20 هەزار کەس لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو دەڕەخسێنن و لە کورتترین ماوەدا هەوڵی جیددی دەدەن تاوەکو کاسبکاران و دووکانداران بکەونەوە سەر دۆخی کارکردنی خۆیان.
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "سەبارەت بە ئاژەڵدارانمان لەو پارێزگایانەماندا، بۆ دوو ملیۆن ئاژەڵی گەورە و نۆ ملیۆن ئاژەڵی بچووک بایی 1.5 ملیار لیرە ئالیک وەکو پشتیوانی دەدەین. هەروەها ئەو ئاژەڵ و پەلەوەری جووتیاران کە لە بوومەلەرزە فەوتاون؛ مانگا، مەڕ، مریشک، مێشهەنگوین یان هەر چییەکی دیکەیە، وەکو خۆی و بێ بەرامبەر بۆی دادەنێینەوە." 
 
رۆژی 6-2-2023 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.6 و 7.7 پلەی رێختەر، چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیایان هەژاند. بەگوێرەی ئامارەکانی دەوڵەت، تائێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 114 هەزار کەسیش بریندارن.