یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: بەهۆی بوومەلەرزەوە هەشت بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، تائێستا هەشت برینداری بوومەلەرزەکەی هاتای کە شەوی دووشەممە روویدا، گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
دوای ئەوەی زنجیرەیەک بوومەلەرزە پارێزگای هاتای و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیایان هەژاند، فوئاد ئۆکتای لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تائێستا (کاژێر 21.45) بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە هەشت بریندار گەیێنراونەتە نەخۆشخانە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکانی ئافاد و رزگارکردن 28 هەواڵی فریاکەوتنیان پێگەیشتووە.
فوئاد ئۆکتای جەختیکردەوە کە تیمەکانیان لە ناوچەکەدان و لە ئامادەباشیدان بۆ رزگارکردنی خەڵک.
لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئێوارە دەزگای قەندیللی باسی لە ئەگەری دروستبوونی تسونامی کردبوو، ئۆکتای لەوبارەیەوە گوتی؛ قسەیان لەگەڵ قەندیللی کردووە و دڵنیابوونەتەوە لەوەی کە هۆشدارییەکە کاتی بووە. ئۆکتای هەروەها گوتی هەڵکشان و داکشانی ئاو روویداوە و بەبێ زیان کۆتایی هاتووە.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 6.4 و 5.8 پلە بە پێوەری رێختەر پارێزگای هاتایان هەژاند.
ساتی بوومەلەرزەکە لە کامێرای رووداوەوە: