دەوڵەت باخچەلی: 114 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دەڵێت، تورکیا بە کردار چووەتە کەشی هەڵبژاردن و تەنیا 114 رۆژ ماوە بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. 
 
دەوڵەت باخچەلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی هەڵبژاردن لە تورکیا چەند تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر لە رووی یاساییەوەش نەبێت، بە کردار تورکیامان چووەتە نێو کەشی هەڵبژاردنەوە. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە رۆژی یەکشەممە 14ی ئایاری 2023 بووەتە رۆژەڤ. 114 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن". 
 
باخچەلی لە تویتەکەیدا نوسیوویەتی: "تورکیامان لە گرنگترین هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر چارەنووسی مێژووی دیموکراسیمان دەبێت. نەتەوەی گەورەی تورک ویستی خۆی پیشان دەدات و نەخشەڕێگەی وڵاتەکەمان بۆ ساڵانی داهاتوو دەکێشێت و سەدەی نوێی کۆمار بەهێزتر دەکات".
 
باخچەلی ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرۆککۆماری تورکیا داوە و زیاتر نوسیوویەتی: "14ی ئایار رۆژی پارێزگاریکردن لە بوونی 85 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیایە". 
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکانیدا نووسیویەتی: "مەهەپە و هاوپەیمانیی جمهوور ئامادەن بۆ هەڵبژاردنەکانی 2023. پێمان وایە سەرکەوتنێکی نوێی دیموکراسی بە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە تۆمار دەکرێت. یادی 100 ساڵەی کۆمار مژدەی تورکیای بەهێز و پێشکەوتووی داهاتوو دەبێت".
 
رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاماژەی بۆ وادەی هەڵبژاردن کرد و رایگەیاند، دەکرێ هەڵبژاردنەکان پێش بخرێن و لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت. 
 
هەرچەندە وادەکە فەرمی نییە، بەڵام لە ئەگەری دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن، 60 رۆژ دوای راگەیاندنی وادەکە هەڵبژاردن دەکرێت.