هاکان فیدان: ئەگەر ئیدارەی نوێی سووریا پرسی هەسەدە چارەسەر بکات، دەستوەردان ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، یەپەگە "درێژکراوەی" پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە سووریا، ئاماژە بەوەش دەکات، داوایان لە ئیدارەی ئەمریکا کردووە کە یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوەستێنێت. هەروها گوتەکانی ترەمپیش لەبارەی سووریا رەتدەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری داوای لە بەرپرسانی سووریای نوێ کرد کە پرسی هێزە کوردییەکان لەو وڵاتە چارەسەر بکەن.
هاکان فیدان گوتی، "ئێستا ئیدارەیەکی نوێ لە دیمەشق هەیە. پێم وایە ئێستا ئەم پرسە خەمی ئەوانە. هەر بۆیە ئەگەر ئەوان ئەو پرسە بەشێوەیەکی گونجاو چارەسەر بکەن، هیچ هۆکارێک نابێت بۆ ئەوەی ئێمە دەستوەردانی تێدا بکەین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە)ـی وەکو "درێژکراوەی" پەکەکە لە سووریا ناوبرد. گوتی، یەپەگە وا خۆی دەردەخات کە لە شەڕی دژی رێکخراوی داعش یارمەتی رۆژئاوا دەدات، بەڵام "پێموایە ئەوە چەواشەکارییە بۆ ناسنامەی راستەقینەیان. ئەوان رێکخراوێکی تیرۆریستین."
هەروەها هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، "بەداخەوە، دۆستەکانی رۆژئاوامان... چاوپۆشی لەو راستییە دەکەن کە یەپەگە درێژکراوەی پەکەکەیە."
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، هاکان فیدان هەڵوێستی ئەنقەرەی دووپاتکردەوە و گوتی، ئەنقەرە داوای لە واشنتن کردووە کە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هەسەدە رابگرێت.
لە شەڕی 13 ساڵەی نێوخۆی سووریادا کە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، تورکیا رۆڵێکی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندا بینی، ئێستاش کە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا سەرقاڵی دیاریکردنی سیستمی فەرمانڕەوایی داهاتووی وڵاتەکەن، واشنتن لە هەوڵدایە کە ئەنقەرە رازیبکات هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەسەدە بوەستێنێت.
لە رۆژی 10-12-2024ـەوە، لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستیپێکرد، دواتر ئاگربەستی نێوانیان راگەیێندرا.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللـەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "ئاگربەستی منبج تاوەکو کۆتایی هەفتە درێژ کراوەتەوە". گوتیشی، تاوەکو بتوانن ئاگربەستەکە درێژ دەکەنەوە.
"ئێمە بە دەستبەسەرداگرتن ناوی نابەین"
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای لەبارەی سووریا رەتکردەوە کە رایگەیاندبوو، "تورکیا بەشێوەیەکی نادۆستانە دەستی بەسەر سووریادا گرت."
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "تورکیا سەرپەرشتیی هەتەشەی کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سووریا.''
ترەمپ باسی لەوەشکرد: "تورکیا ئەو پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنەی بەشێوەیەکی نادۆستانە کردووە، بێ ئەوەی خەڵکێکی زۆر گیانلەدەست بدات.''
هاکان فیدان لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە بە دەستبەسەرداگرتن ناوی نابەین، چونکە هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر ئەوەی لە سووریا روودەدات بەوشێوەیە بیخەینەڕوو. بۆ گەلی سووریا، ئەمە دەستبەسەرداگرتن نییە. پێم وایە ئەگەر دەستبەسەرداگرتنێک هەبێت، ئیرادەی گەلی سووریایە کە ئێستا دەستی بەسەردا دەگیرێت."
هاکان فیدان گوتیشی، نابێت تورکیا وەکو ئەو هێزە ناوببرێت کە حوکمی سووریا دەکات، "هاوسۆزیی ئێمە لەگەڵ گەلی سووریا نابێت بەوشێوەیە لێکبدرێتەوە کە ئێمە حوکمی سووریا دەکەین."
ئێستا کاتیەتی
تاوەکو ئێستا دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە پێشتر ناوی (بەرەی نوسرە) بوو و سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و رۆژئاوادایە.
هاکان فیدان لەوبارەیەوە گوتی، "پێموایە ئێستا کاتی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوی (دەستەی تەحریری شام) لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، "پێموایە کە دەستەی تەحریری شام هەنگاوی گەورەی لە خۆجیاکردنەوە لە قاعیدە و داعش و رێکخراوە پەڕگیرەکانی دیکە ناوە."