رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، ئەوان داواکارییان بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکێشکردووە و چاوەڕێی کرانەوەی دەرگەی ئیمراڵی دەکەن.
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا باس لە پێشنیازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کرا و گلەیی کرا کە پرۆسەکە بە هێواشی دەڕواتە پێشەوە.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوتی: "ئێمە چەندین جار گوتوومانە کە ئەو بانگەوازە و ئەو دەستەی تەوقەیە کە بۆمان درێژکراوە زۆر بەهادارە. ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئەو داواکارییەین کە پێشکێشمان کردووە، چاوەڕێی کرانەوەی دەرگەی ئیمراڵین."
بریکاری سەرۆکی فراکیسیۆنی دەم پارتی گوتیشی: "ئەوەی ئێمەی خستووەتە ژووری چاوەڕوانییەوە، دەسەڵاتە. ژووری چاوەڕوانی بۆ هەموومان دۆخێکی ناخۆشە. ئەوانەی ئەمڕۆ سیاسەتی تورکیایان خستووەتە ژووری چاوەڕوانی، هەر ئەوانەن کە قەیران بەخێو دەکەن".
سڕی ساکک: ساڵی 1993 لەسەر داوای تورگوت ئۆزاڵ لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوومەوە
هەر سەبارەت بەو بابەتە سڕی ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئاگری گوتی: "ساڵی 1993 لەسەر داوای سەرۆککۆمار تورگوت ئۆزاڵ چوومە شام و لەگەڵ سەرکردەی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوومەوە. ئەوکاتیش ئۆجەلان گوتی ویستی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە، بەڵام دوای کۆچی دوایی تورگوت ئۆزاڵ ئەو هەوڵە شکستیهێنا".
هەرچەندە دانیشتنەکانی ئێستای پەرلەمانی تورکیا تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی ساڵی 2025، حکومەت و وەزارەتەکان لەدوای یەکدی بودجە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن و دەنگی لەسەر دەدرێت. هاوکات لەو چوارچێوەیەدا بابەتەکانی تایبەت بە رۆژەڤی ئەو وڵاتەش گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی چوارشەممە 18-12-2024، لە کاتی چوونی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا رایگەیاند. بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی بودجە، رۆژێک بۆ دیداری نێوان ئۆجەلان و شاندی دەم پارتی دیاری دەکەن.
چی روویدابوو؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەوقەی لەگەڵدا کردن.
باخچەلی هەروەها رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت، "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
دەم پارتی هەر لەسەر ئەو پێشنیازانەی باخچەلی، داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ ئۆجەلاندا بکەن.
ئەمە بووەتە رۆژەڤی تورکیا و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بەشێک باس لە ئاساییبوونەوە و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە چارەسەکردنی پرسی کورد دەکەن، بەشێکیش بابەتەکە بە نووسینەوەی دەستوورەوە گرێدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ