دوو وەزیری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی تورکیا و عێراق بەشداربوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە لەلایەن وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێشوازی لێکرا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس کە دووانیان وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازی لە شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی کرد و لەگەڵی کۆبووەوە. لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەی نێوان شاندەکاندا کە لە وەزارەتی دەرەوەمان بەڕێوەچوو، هەریەک لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریمان و سابت عەباسى، وەزیری بەرگریی عێراقیش بەشداربوون".
هەریەک لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بوون.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە گوتی، "پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو و باسیش لە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و هەواڵگری بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان کرا. عێراق لە سەروبەندی چوونە نێو دیالۆگێکی بنیادنەرانەیە کە وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردووڵات دروست دەکات".
رۆژی 22-8-2023 هاکان فیدان سەردانی بەغدای کرد. ئەو کات فوئاد حوسێن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ هاوشانە تورکییەکەی باسیان لە چەندین پرس کردووە لەوانە، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی دەروازە سنوورییەکان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە و فورات و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
هەر لە بەغدا وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان نیشاندا و گوتی، "لەوباوەڕەداین ئەو پڕۆژەیە عێراق دەکاتە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوە. هاوکات لەو باوەڕەداین پڕۆژەکە رۆڵی باشی لە بووژانەوە و سەقامگیریی ناوچەکە دەەبێت؛ بۆیە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی پشتگیری لەو پڕۆژەیە بکەن".
دواتر هاکان فیدان سەردانی هەولێری کرد و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.