ئیستەنبووڵ.. رێگە بە هاوسەرۆکی هەدەپە نەدرا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بکات

19-12-2022
راوین ستێرک
راوین ستێرک
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی سێیەم گەورەترین پارتی تورکیایە و چەند کاژێرێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درا
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی سێیەم گەورەترین پارتی تورکیایە و چەند کاژێرێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی سێیەم گەورەترین پارتی تورکیایە و چەند کاژێرێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درا، بەجۆرێک رێگەی پێنەدرا بچێتە باڵەخانەی پارتەکەی لە ئیستەنبووڵ، لە بەردەم باڵەخانەی پارتەکەش هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ئەندامانی پارتەکەی و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کرد.
 
میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێرەدا ئیرادەی گەل لەژێر گەمارۆدایە، دادپەروەری لەژێر گەمارۆدایە، دیموکراسی و ماف لەژێر گەمارۆدایە. هاوسەرۆکی حیزب ناتوانێت بچێتە ناو باڵەخانەی پارتەکەیەوە. ئەوەی دەیبینیت ترسێکی گەورەیە لە خەبات بۆ دیموکراسی، بەڵام لەم خەباتە پاشەکشە ناکەین، تاوەکو کۆتایی دەڕۆین و هەرگیز پاشەکشە ناکەین."
 
دوای ئەوەی ئەفسەرێکی پۆلیس زلـلەیەک لە فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری پێشووی شرنەخ و هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی هەدەپە دەدات کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکەدا کردبوو، ئەم رووداوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە رۆژەڤ.
 
هەدەپە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بەشداریی هاوسەرۆکانی پارتەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم رووداوە لە بەردەم باڵەخانەی پارتەکەیان لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری باڵەخانەی هەدەپەیان بە پانتایی دوو کیلۆمەتر چوارگۆشە گەمارۆدا.
 
سەزایی تەمەلی، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بە رووداوی راگەیاند، "ئەو دەسەڵاتە لەسەر بنەمای دووژمنایەتی لەگەڵ کورد دامەزراوە. پێشاندانی ئەم دوژمنایەتییە لە هیچ شوێنێکدا خۆی ناشارێتەوە و بەردەوامە. ئەمڕۆ بە هەموو هێزیانەوە لێرەن، تاوەکو تاوانەکانیان پەردەپۆش بکەن، با هەموو لایەک بزانن کە سەرمان بۆ عەقڵیەتی فاشیست دانانەوێنین، با هەموو کەسێک ئەمە بزانن."
 
دوای ئەوەی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە گەیشتە بەردەم باڵەخانەی پارتەکەیان لە ئیستەنبووڵ، ناڕەزاییەکان زیاتربوون و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، بەهۆیەوە هێزە ئەمنییەکان بەشداربووانی گردوونەوەکەیان دەستگیرکرد. 
 
زولەیها گولوم، پەرلەمانتاری هەدەپە بە رووداوی گوت، "بە روونی بە هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، ئێوە چ شتێکتان دەوێت دەتوانن بیکەن، رووبەڕووی هیچ سزایەک نابنەوە و تەنانەت پلەکەشیان بەرزدەبێتەوە، ئێوارە وەزیری نێوخۆ ئەمە دەڵێت، پۆلیس پارێزراوە و پاڵپشتی دەکرێت."
 
ئەو لێدوانەی بڕیار بوو لە کۆنفرانسێکدا پێشکێشبکرێت، بەبێ ئامادەبوونی رۆژانامەڤانان خوێندرایەوە، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان رۆژنامەڤانانیان لە شوێنەکە دوورخستەوە.
 
هەدەپە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تۆڵەی ئەم پێشێلکارییانە دەکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆکی جەهەپە، لە تویتێکدا رەخنەی لە گەمارۆدانی میتحەت سانجار گرت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە