459 کەس لە تورکیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
ئۆپەراسیۆنێک لە 66 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو و 459 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت ناسراو بە گولەنییەکان دەستگیرکران.
بە گوێرەی راگەیێندراوی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی سێشەممە 19-11-2024 لە 66 پارێزگا بەڕێوەچووە و هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین شوێن کە گومان دەکرا ئەندامی ئەو بزووتنەوەیەی تێدا بێت.
ئۆپەراسیۆنەکە لە 44 پارێزگای تورکیا و 22 پارێزگای باکووری کوردستان بەرێوەچوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، ئەو 459 کەسە تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە بزووتنەوەی خزمەت، داڵدەدانی ئەندامانی، دەستخستنی سەرچاوەی دارایی بۆیان، بانگەشەکردن و کۆبوونەوەی نهێنی.
شەوی 15ی تەمموزی 2016، بەشێک لە سەربازانی سوپای تورکیا جووڵەیان پێکرا و دەستیان بەسەر چەند دامودەزگایەکی حکومەتدا گرت، بەڵام ئەو هەوڵە هەرەسی هێنا و وەک کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموز چووە نێو مێژووی تورکیاوە.
حکومەتی تورکیا گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباریان دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
دوای هەوڵی کودەتاکە باری نائاسایی راگەیێندرا و حکومەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی دژی گولەنییەکان دەستپێکرد.
بەهۆی ئەوەی فەتحوڵڵا گولەن، رابەری ئەو کاتی گولەنییەکان لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا بوو، ئەم بابەتە کاریگەری خستەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - واشنتنیش.
تورکیا چەندین جار داوای لە ئەمریکا کرد گولەن و بەشێک لە هاوڕێکانی رادەست بکات، بەڵام ئەو هەوڵە هیچ ئەنجامێکی بۆ ئەنقەرە نەبوو.
رۆژی 21-10-2024 فەتحوڵڵا گولەن باری تەندروستیی تێکچوو و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پێنسیلڤانیا و دواتر کۆچی دوایی کرد.