یەکەمین دانیشتنی دادگایی باندی یەنیدۆغان بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 18-11-2024 یەکەم دانیشتنی دۆسیەی "چەتەی یەنیدۆغان"بەڕێوەچوو کە تۆمەتبارن بە هێشتنەوەی کۆرپە تازە لەدایکبووەکان لە بەشی چاودێریی چڕ و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانیان.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی دادگە، باندی یەنیدۆغان، ئەمەیان کردووە بۆ ئەوەی رۆژانە هەشت هەزار لیرە (نزیکەی 230 دۆلار) وەربگرن. ئەو پارەیە لەلایەن دەزگای دەستەبەری کۆمەڵایەتی (SGK)یەوە دراوە.
یەکەمین دانیشتنی ئەو دۆسیەیە لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی باکڕکۆی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.
لەو دۆسیەیەدا 47 تۆمەتبار دادگایی دەکرێن کە 22یان دەستبەسەرن و هەموویان تۆمەتی کوشتنی کۆرپەیان لەسەرە.
لە چوارچێوەی دادگاییدا گوتە لە بەشێکی تۆمەتبارەکان وەرگیرا. لە کۆتاییدا بە بڕیاری دادوەر، بڕیار درا دانیشتنەکە رۆژی سێشەممە کاتژمێر 10ی بەیانی دەستپێبکاتەوە.
تۆمەتباران پزیشک و پەرستاری نەخۆشخانەن و تۆمەتبارن بە کوشتنی 12 کۆرپە.
ئەندامانی یەنیدۆغان هەروەها بەوە تۆمەتبار دەکرێن، تۆڕێکی تاوانیان دروستکردووە و تاوانەکەیان بە شێوەی بەردەوام کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، دکتۆر فرات ساری سەردەستەی تۆڕەکە بووە کە هاوکات خاوەن کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی تەندروستییە بە ناوی Medisense و دەرکەوتووە لەگەڵ یەکەی چاودێری چڕیی منداڵانی تازەلەدایکبووی ژمارەیەک نەخۆشخانەی تایبەتی ئیستەنبووڵ رێککەوتووە بۆ ئەوەی کۆرپەی تازە لەدایکبوو بکوژێت و پارەی زیاتری لە دەستبەری کۆمەڵایەتی پێبدرێت.