لە تورکیا بەهۆی زریانەوە کەشتییەک تێکشکا و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنە

رووداو دیجیتاڵ

مەترسیی لافاو و رەشەبا لەسەر پارێزگای زۆنگوڵداک-ی تورکیا زیاتر دەبن، کەشتییەک بە 12 کارمەندەوە بێسەروشوێنە و کەشتییەکی دیکەش تێکشکا، پارێزگا داوا لە خەڵک دەکات لە ماڵەکانیان دەرنەچن. 
 
لە شەوی رابردووەوە باران و رەشەبا لە شارۆچکەی ئەرەیلی سەر بە پارێزگای زۆنگوڵداکی تورکیا بەردەوامە. ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023 کاریگەرییەکان زیاتر بوون و کەشتییەکی تورکی بە 12 کارمەندەوە پەیوەندیی لەگەڵ ناوەند پچڕاوە و بێسەروشوێنە. کەشتییەکە ناوی (کافکامەتلەر)ـە و بارهەڵگرە. هەروەها کەشتییەکی دیکەی کامێرۆنی کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە کەناراوەکانی شارۆچکەی ئەرەیلی لەنگەری گرتبوو، بەهۆی شەپۆلە بەهێزەکانەوە لە ناوەڕاستەوە بووە دوو کەرت. شەپۆلەکان چەند بەشێکی کەشتییەکەیان لەگەڵ خۆیان بردە کەناراو. دەزگای ئافاد بڵاویکردەوە کە 13 کارمەندی ئەو کەشتییە کامیرۆنییەیان رزگارکردووە.  
 
شەپۆلەکان زیانی زۆریان بە شارۆچکەکە گەیاندووە
 
لە شارۆچکەی ئەرەیلی کە دەکەوێتە سەر دەریای رەش، شەپۆلەکانی دەریا زیاتر لە پێنج مەتر بەرزدەبنەوە و مەترسییان بۆ سەر گەڕەکەکانی کەنارا دروستکردووە. زۆربەی کەناراوەکان بەهۆی ئەو شەپۆلانە وێران بوون و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە لە شەوی رابردووەوە ماڵەکانیان چۆڵکردووە. 
 
پارێزگای زۆنگوڵداک بۆ خەڵک: تکایە مەرۆنە دەرەوە
 
لە زۆنگوڵداک بە گشتی و بەتایبەتیش لە شارۆچکەی ئەرەیلی، تا دێت دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت. خەڵکی ئەو پارێزگایە گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکەنەوە و ئەمە وایکرد پارێزگا راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە:"بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی دەزگای کەشوهەوا، کاریگەرییەکانی باران و رەشەبا لە پارێزگاکەماندا بەردەوام دەبن و مەترسییەکانی کەوتنی بنمیچ، لەڕیشکهاتنی دار، داخرانی رێگەکان و زۆری دیکە چاوەڕوان کراون. هەر بۆیە ئەگەر کاری زۆر ناچاریتان نەبوو، تکایە لە ماڵەکانتان مەرۆنە دەرەوە و قەرەباڵخی دروست مەکەن".
 
خوێندنگەکانی زۆنگوڵداک سبەی پشوو دەدەن
 
پارێزگای زۆنگوڵداک هەروەها لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا جەختیکردووەتەوە رۆژی دووشەممە 20-11-2023 کە یەکەمین رۆژی کارکردنی هەفتەیە، خوێندنگە و قوتابخانەکان پشوو وەردەگرن و چاوەڕێی بڕیاری دواتر لەبارەی رۆژی سێشەممە دەکەن.
 
پارێزگای زۆنگوڵداک
 
پارێزگای ژمارە 81ی تورکیایە و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە. زۆنگوڵداک دەکەوێتە سەر دەریای رەش و لە لاکەی دیکەشی دراوسێی پارێزگاکانی دوزجە، بۆڵو، کارابوک و بارتن-ە. رووبەری ئەو پارێزگایە 3 هەزار و 340 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی 598 هەزار و 796 کەسە.