ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 127 هەزار کەس لە تورکیا مافی نیشتەجێبوونیان پێدراوە

19-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 10 مانگی ئەم ساڵدا یەک ملیۆن و 127 هەزار کەس لە تورکیا مافی نیشتەجێبوونی کاتییان پێدراوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا یەک ملیۆن و 127 هەزار و 38 کەسی بیانی مافی نیشتەجێبوونی کاتییان پێدراوە.
 
ئیستەنبووڵ پێشەنگی شارەکانە لە پێدانی مافی نیشتەجێبوون بە بیانییەکان و لەو 10 مانگەدا 568 هەزار بیانی ئەو مافەیان پێدراوە؛ ئەنتالیا بە 130 هەزار و 994 کەس لە ریزبەندیی دووەمدا دێت؛ ئەنقەرە بە 71 هەزار و 832 کەس لە ریزبەندیی سێیەم دێت؛ بە 51 هەزار و 566 کەسیش بورسا لە ریزبەندیی چوارەم؛ مەرسین بە 41 هەزار و 190 کەس لە ریزبەندیی پێنجەم؛ ئیزمیر بە 42 هەزار و 427 کەس لە ریزبەندیی شەشەم و موغڵا بە پێدانی مافی نیشتەجێبوون بە 22 هەزار و 586 کەس لە ریزبەندیی حەوتەمدا دێت.
 
کەمترین مافی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی بیانی لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان تۆمار کراوە. لە پارێزگای ئەردەخان 191 کەس؛ لە مووش 81 کەس و لە دێرسم 53 کەس مافی نیشتەجێبوونیان پێدراوە.
 
زۆرترین بیانی کە مافی نیشتەجێبوونیان پێدراوە خەڵکی رووسیان. لەو 10 مانگەدا 107 هەزار و 392 رووسیایی ئەو مافەیان پێدراوە؛ 103 هەزار و 861 هاووڵاتیی تورکمەنستان مافەکەیان پێدراوە و بەو جۆرەش تورکمەنستان لە ریزبەندی دووەم دێت؛ هاووڵاتییانی عێراقی بە 94 هەزار و 370 کەس لە ریزبەندی سێیەم؛ سووریاییەکان بە 82 هەزار و 489 کەس لە ریزبەندی چوارەم؛ ئێرانییەکان بە 79 هەزار و 181 ئێرانی لە ریزبەندی پێنجەم دێن.
 
فەرمانگەی کۆچ رایگەیاندووە، 673 هەزار و 355 کەس مافی نیشتەجێبوونی کورتخایەنیان پێدراوە و هەروەها 140 هەزار و 99 مافی نیشتەجێبوون بە قوتابیان دراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە