تورکیش ئێرلاین و پێگاسووس 187 گەشتی ئاسمانییان هەڵدەوەشێننەوە

19-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ناسەقامگیریی کەشوهەواوە، هەردوو کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین و پێگاسووس ناچار بوون ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ هەڵبوەشێننەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشدارییەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023، لە ئیستەنبووڵ پلەی گەرمای شارەکە لانیکەم چوار پلە دادەبەزێت. دوای راگەیاندنی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لە بەشی ئەوروپای شارەکە بەفر باری. لە لایەکی دیکەشەوە با و بۆران بەردەوامە و خێرایی با 90 - 110 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
 
کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، هەڵوەشاندنەوەی 105 گەشتی ئاسمانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بڵاوکردەوە. هاوکات کۆمپانیای پێگاسووس 82 گەشتی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ بۆ شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا هەڵوەشاندەوە.
 
تورکیش ئێرلاین 82 گەشتی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ و 23 گەشتی لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن هەڵوەشاندەوە. پێگاسووس 44 گەشت لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ و 38 گەشتی دیکەشی لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن هەڵوەشاندەوە.
 
گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئەمڕۆش لە رێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنەوە کورتەنامە SMSـی بۆ سەرجەم دانیشتووانی ئیستەنبووڵ نارد و هۆشداری بەفربارین، بەردەوامبوونی لێزمەباران و لافاوی پێدان. لە کورتەنامەکەدا داوایان لێدەکات، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکان بکەن، کە لە کورتەنامەکەدا نووسراوە.
 
دەزگای ئافاد-یش بە پشتبەستن بەپێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، ئامادەباشیی خۆی راگەیاندووە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ شارەوانییەکان و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە، کە لە ئەگەری روودانی لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو بەپێی پێویست بەهانای خەڵکەوە دەچن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە