رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین شاری ئیستەنبووڵی تورکیای گرتەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 200 گەشتی فڕۆکەخانەکانی شارەکە هەڵوەشێندرانەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا دەڵێت، شەپۆلی بەفربارینەکە لە کاتی نیوەڕۆدا زیاتر دەبێت.
کاژێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023)، یەکەم بەفری ساڵ لە ناوچەی چاتاڵجای بەشی ئەوروپای ئیستەنبووڵ باری و دواتر ناوچە جیاوازەکانی ئەو بەشەی شارەکەی گرتەوە، بەتایبەتی لەسەر رێگە سەرەکییەکانی ئۆتۆبانی دەرەوەی شار.
شەپۆلی بەفربارینەکە لە کاتێکدایە، دوو رۆژە لێزمەباران تەواوی ئیستەنبووڵی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەی ئەم شارەدا بووەتە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاو و زیانی مادی زۆری بە ژمارەیەک فرۆشگا و ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
هەر بەهۆی خراپیی کەشوهەوای ئیستەنبووڵەوە، کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین 105 و کۆمپانیای پێگاسوس 82 گەشتی ناوخۆیی ئەمڕۆ و نێودەوڵەتییان لە هەردوو فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ و سەبیحە گۆگجەن هەڵوەشاندەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی تورکیا راشیگەیاند، ئەمڕۆ لە 21 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا بەفردەبارێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ