ئەردۆغان: بە دوو هەزار پارێزەرەوە ئامادەین سکاڵا لە دژی ئیسرائیل تۆمار بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا بە دوو هەزار پارێزەرەوە ئامادەیە سکاڵا لە دژی ئەو "کۆمەڵکوژی"یانەی ئیسرائیل تۆمار بکات، کە لە دژی فەڵەستینییەکان دەیکات.
 
لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە رۆژی شەممە 18-11-2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، سەرەتا باسی لە شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین کرد و رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا گرت. راشیگەیاند، بە بەرپرسانی ئەڵمانیای گوتووە، 10 هەزار بارمتە لەدەست ئیسرائیلدایە و هەوڵی ئازادکردنیان بدەن، بۆئەوەی تورکیاش هەوڵ بدات تاوەکو ئەوانەی دەستی حەماس ئازاد بکرێن.
 
سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی وڵاتەکەی لەسەر هەڵوێستە سیاسی و مرۆییەکان کرد و رایگەیاند، "ئەوەندەی تورکیا بەهێز بێت و هەڵوێستی بەهێزی هەبێت لە هەر بوارێکدا، ئاستی دووژمنایەتیکردن لە دژی زیاد دەبن. هەر کەسێک بە تێگەیشتنەوە یان نەزانانە بە ئێمە بڵێت، سووریا، عێراق، قەرەباخ، لیبیا، بۆسنا و قودس بە ئێوە چی؟ ئەوە دژ بە رێپێوانە مەزنەکەی تورکیایە."
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، باشترین هەنگاو ئێستا بۆ غەززە، فەراهەمکردنی ئاگربەستە و ئامانجی لەپێشینەشیان ئاشتییەکی سەقامگیرە لە ناوچەکەدا.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەردۆغان لەبارەی کوژرانی ژن و منداڵی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە رایگەیاند، "بە دوو هەزار پارێزەرەوە لە هەر شوێنێک پێویست بکات سکاڵا دژ بەو کۆمەڵکوژییە تۆمار دەکەین. بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین و نیوەچڵ جێی ناهێڵین، دەبێت باجی ئەوە بدەن."
 
ئەردۆغان هەروەها رەخنەی لەو پارتە سیاسییانەی تورکیا گرت کە لەگەڵ پرسی فەڵەستین هاوسۆز نین و گوتی، "بەداخەوە، دەبینین لەناو پەرلەمانەکەماندا سەرۆکی گشتیی پارتی سیاسی هەیە، کە رێک وەکو نەتانیاهوو قسە دەکات. ئێستا ئێمە وەڵامدەری ئەوان دەبین، لەژێر چەتری ئەو پەرلەمانەدا نابێت و ناکرێت رێگە بە کەسانێک بدرێت وەکو نەتانیاهوو قسە بکەن."
 
ئەردۆغان سەبارەت بە بوونی چەکی ئەتۆمی لە ئیسرائیل، ئەوەی خستەڕوو، "وڵاتان بۆ ئاسایشی نێوخۆ دەتوانن داوای چاودێری لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکەن و بەو پێیە چاودێری بکرێت. ئێمە ئەوە دەکەین. ئێمە وەکو تورکیا ئەو بانگەوازە رادەگەیێنین. هەتا کاتەکەی بەسەر نەچووە، گومانەکان لەسەر چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل مەهێڵن و با لەژێر چاودێریدا بێت."
 
ئیسرائیل گەمارۆی خستووەتەسەر کەرتی غەززە، بەڵام رۆژی 21ی تشرینی یەکەم ئیسرائیل دەروازەی رەفەحی نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیلی کردەوە و رێگەی بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی سنووردار بۆ کەرتی غەززە دا، لەنێویشیاندا دەرمان، خۆراک و ئاو. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، تاوەکو ئێستا کەمتر لە 1500 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتی غەززە و ئەمەش تەنیا بەشی پێویستیی 7%ی ئەو کەسانە دەکات کە پەنایان بۆ پەناگەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بردووە.
 
دواتریش رۆژی 1ی تشرینی دووەم ئیسرائیل رێگەی بە گواستنەوەی بەشێک لە بریندارانی کەرتی غەززە بۆ نەخۆشخانەکانی میسر دا.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی 14 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بەهۆی جەنگەکەوە زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەسی کەرتی غەززە ئاوارە بوون.