پەرلەمانی تورکیا دەنگ لەسەر چارەنووسی لەیلا زانا دەدات

رووداو - ئەنقەرە 

رۆژی سێشەممە 21-11-2017 دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیدا بڕیار لەسەر چارەنووسی پەرلەمانتار لەیلا زانا دەدات. 

کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەی تایبەت لەبارەی کەیسی لەیلا زانا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە بازنەی ئاگری، رۆژی دووشەممە راپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەکات و رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیدا دەخرێتە دەنگدان و بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدرێت بەمانەوەی لە ئەرکی پەرلەمانتارێتی یان دوورخستنەوەی. 

بەپاساوی بەشدارینەکردن لە 212 دانیشتنی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی کۆمسیۆنێکی تایبەتی لێپرسینەوە کاردەکات بۆ لێسەندنەوەی ئەرکی پەرلەمانتارێتی لەیلا زانا. 

پێشتر محەممەد ئەمین ئادییامان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە کە هاوکات ئەندامی کۆمسیۆنی لێپرسینەوەکەیە، رایگەیاندبوو، پەرلەمانی تورکیا ناتوانێت لەیلا زانا لە پەرلەمان دووربخاتەوە، چونکە بەپێی ماددەی 35ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دوای ئەوەی پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخوات، پابەند دەبێت بەرێککارە یاساییەکان، ئەرک و مافەکانی وەک پەرلەمانتارێک، بەڵام ناوبراو کێشەی سوێندی یاسایی هەبووە و پەرلەمان ناتوانێت بڕیارەکانی بەسەردا بسەپێنێت. 

ئادییامان روونیشیکردەوە "بەهۆی کێشەی سوێندی یاساییەوە، لەیلا زانا هەر لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا، مووچە، دەرماڵە، پاسەوان، ئۆتۆمبێل، ئۆفیس و پارێزبەندی پێنەدراوە و وەک پەرلەمانتارێک مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، بۆیە بڕیاری دوورخستنەوەی پێشێلکارییە دژ بەپایڕەوای ناوخۆی پەرلەمان".

هەر ئەمساڵ  سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا لە ئامەد سکاڵانامەیەکی 156 لاپەڕەیی لە دژی لەیلا زانا ئاراستەی دووەم دادگای سزا قورسەکانی ئەوم شارە کرد و  بە سێ تۆمەتی جیاواز، داوای 20 ساڵ زیندانیکردنی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپەی کرد.

دوو ساڵی تەواو پێش ئێستا، رۆژی 17-11-2015  لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی خولی 26ەمی پەرلەمانی توركیا، لەیلا زانا لە كاتی سوێندخواردنەكەی بە زمانی كوردی گوتی "بەهیوای ئاشتییەكی شەرفەمەندانەی بەردەوام". پاشانیش پابەندنەبوو بە دەقی توركیی سوێندی پەرلەمانتاران و لە جیاتی "میللەتی تورك" گوتی "میللەتانی توركیا". دەنیز بایكاڵ كە ئەوکاتە سەرۆكایەتی دانیشتەكەی پەرلەمانی دەكرد، گوتی "زانا پابەند نەبوو بە دەقی سوێندخواردن"، بۆیە سوێندەكەی قەبوڵ نەكرد و لە پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكە رەشكرایەوە. 

لەیلا زانا کێیە؟

لەیلا زانا، كە لەناو بزووتنەوەی سیاسیی كورددا ژمارەیەكی سەربەخۆیە، ساڵی 1961 لە گوندێكی فارقین لەدایكبووە. لە ماڵێكدا گەورە بووە كە باوكی جگە لە كوڕە تاقانەكەی، هیچ حیسابێك بۆ لەیلا و پێنج كچەكەی دیكەی ناكات. باوكی لەیلا كە كارمەندی ئاوەڕۆیە، چەندینجار ئەشكەنجەی دایكی لەیلای داوە، تەنیا لەبەرئەوەی شەش كچی بەدوای یەكدا بوون، تەنانەت نەیهێشتووە كچەكانی بخوێنن.

لەیلا لە تەمەنی 14 ساڵیدا شوو بە سیاسەتمەداری كورد مەهدی زانا دەكات كە 21 ساڵ لەخۆی گەورەترە. ساڵی 1978 كاتێك مەهدی زانا بە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد هەڵدەبژێردرێت، لەیلا 17 ساڵان دەبێ و دایكی منداڵێك دەبێ. ئەو كاتەی مەهدی زانا لە دوای كودەتای 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیر دەكرێت، تەمەنی لەیلا 19 ساڵ بوو، هێشتا (روكەن)ی كچی لەسكدا بوو. مەهدی بە 35 ساڵ بەندكردن سزادرا و لەیلا زانا بەردەوام بەڕێی زیندانەوە بوو.

ساڵی 1988 بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانێك لەبەردەم گرتووخانەی ئامەد دەستگیردەكرێت. لە زیندان هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەك دەدرێت.

چوونە پەرلەمان

ساڵی 1991 لەسەر لیستی پارتی رەنجی گەل (هەپ) خۆی بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرێ‌ و دەردەچێ‌. چەند رۆژێك بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانی توركیا، ژنە رۆژنامەنووسی تورك نوریە ئاكمان، پرسیارێك لە لەیلا زانا دەكات "ئایا هەست بە توركبوونی خۆت دەكەی"؟ زانا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە نەخێر. دایكم یەك وشە توركی نازانێ، منیش لە پێش دەرگاكانی زیندان فێری توركی بووم. من تا دوا هەناسە كوردم، بەڵام گەلی توركیشم خۆشدەوێت". 

رۆژی 1/11/1991 رۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، لەگەڵ نزیكبوونەوەی لەیلا زانا بۆ سەر سەكۆی سوێندخواردن، بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران دەستیان بە هاتوهاوار كرد و بە دەست لە مێزەكانی بەردەمیان دەكوتا و دەیانگوت "بەو ئاڵایەوە نەچییە ئەوێ‌". مەبەستیان ئەو بەندە سوور، زەرد و سەوزە بوو كە لەسەری ئاڵاندبوو. بەڵام هاتوهاوار نەیتوانی ئەو ژنە 21 ساڵییە رابگرێ. لەیلا بە زمانی كوردی و توركی گوتی "سوێند بە برایەتی گەلی كورد و گەلی تورك دەخۆم". ئەو چەند وشەیەش بەس بوون بۆ ئەوەی قیامەت هەڵبستێ و دواڕۆژێكی تاریكتر چاوەڕێی لەیلا بكات.

فاروق بیلدریجی كە چیرۆكی ژیانی لەیلا زانای كردووەتە پەرتووك، ئەو مەراسیمە وەكو خاڵێك بۆ داڕمانی ئەو ژنە سیاسەتڤانە وەسف دەكات. راستیشی كرد، چونكە پۆلیسی توركیا لە چواری ئاداری 1994 چووە ناو پەرلەمانی توركیا و هەریەك لە لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم ساداكی دەستگیركرد. لە هەشتی تشرینی یەكەمی 1994 دادگای ئاسایشی توركیا بەبیانووی ئەوەی كە بە فەرمانی پەكەكە هەوڵی جیابوونەوەیان داوە، حوكمی 15 ساڵ بەندكردنی بۆ ئەو چوار پەرلەمانتارە بڕییەوە.

لەیلا زانا 10 ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە، پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆف بە زانا دەبەخشێ و پاشان دەبێتە بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.

لەیلا زانا، لە مەراسیمی سوێندخواردنی خولی  24ەمی پەرلەمانی توركیادا لە 30ی ئەیلولی 2011 جارێكی دیكە دەستەواژەی "میللەتی توركیای گەورە"ی بەكارهێنا، بەڵام جەمیل چیچەك كە ئەوكات سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەمجارە هیچ كاردانەوەیەكی نیشاننەدا.

داڕشتنەوە: حەکیم داود