راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئیستەنبووڵە و لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر چەندین پرس کۆدەبنەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئیستەنبووڵە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە. دواتریش بڕیارە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هاوبەش رێکبخەن.
 
نیوەشەوی رابردوو 18ی تشرینی یەکەمی 2024 ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا گەیشتە ئیستەنبووڵ؛ لەلایەن ئەحمەد باشار شەن، باڵیۆزی تورکیا لە بەرلین و داوود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازیی لێکرا.
 
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2024 لە کۆشکی دۆڵمەباخچە سەرای لە ئیستەنبووڵ، بە یاوەریی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکەوێت. بڕیارە دوای کۆبوونەوەی هەردوو سەرکردەش، کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هاوبەش رێکبخرێت.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە دیداری ئەردۆغان-شۆڵز، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆچی نایاسایی، یەکێتیی ئەورووپا، بابەتی ئابووری دەخرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
 
رۆژی 11ی مانگ، ڤۆلفگانگ بوشنەر، یاریدەدەری گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، پرسی کڕینی 40 دانە فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر Eurofighter Typhoon کە دروستکراوەی هاوبەشی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا-یە، لەلایەن تورکیاوە مژارێکی گەرمی گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرکردە دەبێت.
 
پێشتر وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەی خستبووەڕوو کە ئیتاڵیا و ئیسپانیا بە فەرمی رەزامەندییان داوە بۆئەوەی فڕۆکەی Eurofighter Typhoon بە تورکیا بفرۆشرێت؛ دانووستاندنەکانیش لەگەڵ ئەڵمانیا بەردەوامە.
 
رۆژی 24ی ئەیلوولی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئۆلاف شۆڵز لە چوارچێوەی لووتکەی کۆبوونەوەکانی 79یەمین خولی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە