ئەردۆغان: دەوروبەری تورکیا 'بازنێکە لە ئاگر'

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پێویستە زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەیاندا فراوانتر بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، دەوروبەری تورکیا "بازنێکە لە ئاگر."
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریی لە 51ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی سەندیکای پیشەسازیی کانزاکانی تورکیا کرد، کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو؛ تێیدا گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لە یەدەگی گشتیی بانکی ناوەندیی تورکیا کرد و گوتی، "یەدەگی گشتیی بانکی ناوەندی گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، کە 156 ملیار دۆلارە. هەناردەی ساڵانەمان تاوەکو مانگی ئەیلوول 260 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە هەشت مانگی ئەم ساڵدا، 654 هەزار هەلیکار دابینکراوە، رێژەی بێکارییش 8.5% بووە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەڵاوسان بە "مۆتەکە" ناودەبات بەسەر پارەی خانەنشینانیان و ئەو پارەیەی کە بە ئارەقەی نێوچەوان پاشەکەوتیان کردووە، گوتیشی، پەیتا پەیتا بەرەو رێکبوونەوە هەنگاو دەنێت.
 
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، "جگە لە خەرجییەکانی بوومەلەرزە، هۆشیاریی پاشەکەوت لە تەواوی خەرجییەکانی دیکەدا دەکەینە کاری لە پێشینە. ئیدی کاتی ئەوەیە پێشکەوتن لە چاکسازییە پێکهاتەییەکان بەدەستبهێنین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر تواناکانی تورکیا لە بەرهەمهێناندا و رایگەیاند، "تورکیا سەرەڕای ئەو بازنە ئاگرەی لە دەوروبەری هەیە، بە توانای بەرهەمهێنان و ژێرخانی بەهێز لەسەر ئاستی جیهانی ناوبانگی زیاتر بووە."
 
هەروەها داوای لە سەندیکاکان کرد پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی کەشێکی ئارام لەو وڵاتەدا بکەن و گوتی، "بەبێ جیاکاریی کرێکاران و خاوەنکاران، پشتیوانیی هەموو سەندیکاکانمان، زۆر گرنگە بۆ بەدیهێنانی کەشێکی نەرمی نواندن کە لە سیاسەتەوە بۆ کۆمەڵگە تەشەنە بکات."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئەردۆغان گوتی، "ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە یەک بین و یەکگرتوو بین و هەموو بەیەکەوە تورکیا بین. ئەمڕۆ رۆژی بەهێزکردنی برایەتیی تاهەتاییمانە. چاوەڕوانین پارتەکان، سەندیکاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەبێ گوێدانە بۆچوونەکانیان، پشتیوانی لە کۆکردنەوە و تۆکمەکردنی برایەتیمان بکەن."
 
هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو، "لەم قۆناخەدا کە گرژی لە ناوچەکەماندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، پێویستە زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەماندا فراوانتر بکەین."