یەکێتیی ئەوروپا 400 ملیۆن یۆرۆ دەداتە تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات

19-09-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسەی ئەوروپا پلانی یەکێتی ئەوروپای پەسند کرد، سەبارەت بە ناردنی 400 ملیۆن یۆرۆ بۆ تورکیا وەک هاوکاری بۆ ئەو ناوچانەی لە شەشی شوباتی ئەمساڵدا رووبەڕووی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بوونەوە.
 
یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا، لافاو لە ئیتاڵیا و وشکەساڵی لە رۆمانیا، 454 ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆ پێشکەشی ئەو سێ وڵاتە دەکات.
 
یەکێتی ئەوروپا رۆژی دووشەممە 18ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، بڕی 400 ملیۆن یۆرۆ دەداتە تورکیا بۆ هاوکاریکردنی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان. لە چوارچێوەی هەمان پلاندا بەهۆی وشکەساڵی لە مانگەکانی ئادار و نیسانی ئەمساڵ و تەممووز و ئابی ساڵی رابردوو، بڕی 33 ملیۆن و 900 هەزار یۆرۆ هاوکاری رۆمانیا دەکات، هەروەها بەهۆی ئەو لافاوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 روویدا، بڕی 20.9 ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئیتاڵیا. 
 
بڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا ئەو پرسە بچێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ناردنی ئەو هاوکارییە، کە لە بودجەی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپاوە پێشکێش دەکرێت.
 
بانکی نێودەوڵەتی پێشتر لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی ناوچەی بوومەلەرزەی تورکیا"، بڕی یەک ملیار دۆلار هاوکاریی پێشکێشی تورکیا کردبوو.
 
دوو بوومەلەرزە لە شەشی شوباتی 2023 بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، کە سەنتەرەکەیان مەڕەشی باکووری کوردستان بوو و، زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند و بەهۆی بوومەلەرزەکان و پاشلەرزەکانیشەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ئەوە جگە لە ڕووخانی هەزاران خانوو و باڵەخانە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە