لە ئیستەنبووڵ دژی هاوڕەگەزخوازان خۆپێشاندان کرا

19-09-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خۆپێشاندانی دژی هاوڕەگەزخوازان لە ناوچەی فاتیح لە ئیستەنبووڵ بە بەشداریی هەزاران کەس و بە دروشمی "پاراستنی خێزان پرسێکی ئاسایشی نیشتمانییە" و "هاوڕەگەزخوازی تیرۆری ئەخلاقییە" بەڕێوەچوو.
 
خۆپێشاندەران داوا دەکەن دامەزراوەکانی تایبەت بە هاوڕەگەزخوازان دابخرێن و چالاکییەکانیان قەدەخە بکرێن.
 
کورشاد میجان، سەرۆکی وەقفی ئاڵپەرەنلەر دەڵێت، "بانگەشەکردن و سەپاندنی هاوڕەگەزخوازی لە هەموو شوێنێک هەیە. سۆشیال میدیا ناوەڕۆکە هاوڕەگەزخوازییەکان هاندەدات. هەستیارییەکانمان سانسۆر دەکات. لە جیهانی هونەر و وەرزشدا ئەو کەسانە یەکجار زۆر بوون کە لەسەر بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزخوازی قازانج دەکەن."
 
خۆپێشاندانەکە لەلایەن وەقفێکی ئیسلامییەوە رێکخراوە. زیاتر لە 150 هەزار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆئەوەی داوای یاسایەکی نوێ لە پەرلەمانی تورکیا بکەن بۆ قەدەخەکردنی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزخوازی."
 
خەدیجە موگە، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "بەندەی خوداین و دەڵێین نەخێر بۆ ئەو ستەمەی دەکرێت. دەمانەوێت سەرکردە و گەورەکانمان ئاگاداری ئەم پرسە بن، ئێمە دەنگمان پێدان و ئەرکی خۆمان جێبەجێ کرد. ئەوانیش دەبێت ئاگاداری خێزانەکەمان بن."
 
ئەنجامدانی ئەو خۆپێشاندانە کاردانەوەی بەدوادا هات. لقی ئیستەنبووڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تویتێکدا رایگەیاند، "مافی هاوڕەگەزخوازی مافی مرۆڤە. لەژێر ناوی (کۆبوونەوەی گەورەی خێزان) ئەنجامدانی خۆپێشاندانی رق و کینە دژی هاوڕەگەزخوازان تاوانە. گوتاری جیاکاری و جەمسەرگیری قبووڵ ناکرێت. هاوڕەگەزخوازان تەنیا نین."
 
لە لایەکی دیکەوە شارەوانیی شارۆچکەی عوسمانجک لە پارێزگای چۆروم کۆنسێرتێکی رۆژی 24ی مانگی ئالەینا تیلکی هەڵوەشاندەوە کە گۆرانیبێژێکی تورکە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی دژی ئەو خۆپێشاندانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستی کردووە و پاڵپشتیی لە هاوڕەگەزخوازان کردووە.
 
لە تورکیا ئامارێکی فەرمی لەبارەی هاوڕەگەزخوازان بەردەست نییە؛ ناوبەناو لەلایەن حکومەتی تورکیاوە کراونەتە ئامانج. ساڵی رابردوو سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە تورکیا "شتێک نییە بەناوی هاوڕەگەزخواز."
 
حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2014وە رێگری لە ئەنجامدانی ئەو رێپێوانە دەکات کە لە ساڵی 2003وە دەستیپێکردبوو و بە هەفتەی شانازی ناسراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە