سەرۆک شارەوانییەکی تورکیا سزای فڕێدانی زبڵی بۆ زیاتر لە 400 دۆلار بەرز کردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو لە ڤیدیۆیەکدا بە خەڵکی پارێزگاکەی راگەیاند، کەسانێک لە پارێزگاکەی بەهۆی بۆچوونی سیاسییانەوە یان بەهۆی ئەوەی کێشەی کەسییان لەگەڵیدا هەیە، زبڵ و خاشاک فڕێدەدەنە سەر زەوی.
 
سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو، کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە و زوو زوو بە بابەتی جۆراوجۆر دەبێتە رۆژەڤ، ئەمجارە باس لەوە دەکات کە بەشێک لە هاووڵاتیان لەبەر ئەوەی دژایەتیی جەهەپە یان خۆی دەکەن، زبڵ و خاشاک فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان.
 
ئۆزجان سزای فڕێدانی زبڵی لە 578 لیرە (نزیکەی 17 دۆلار)، کردە 14 هەزار و 407 لیرە (نزیکەی 425 دۆلار) و بە تووندی وەڵامی ئەوانەشی دایەوە کە گوتوویانە، سەرۆکی شارەوانی هەڕەشە دەکات.
 
ئەمە دووەمین خولە بەسەریەکەوە تانژو ئۆزجان لەسەر پشکی جەهەپە دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو. 
 
ئۆزجان بە دژە پەنابەر ناسراوە. کاتێک دووەمین جار بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی 2024 بەربژێرکرا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ساڵی 2019 کە بە سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو هەڵبژێردرام، 20 هەزار پەنابەری سووریایی لە پارێزگای بۆڵو هەبوون. ئەمڕۆ ژمارەکەیان بۆ چوار هەزار دابەزیوە".
 
تانژو ئۆزجان هەروەها بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەی پەنابەران و هەوڵی ناردنەوەیان.