وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 4500 داواکراوی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە 5 رۆژدا نزیکەی 4500 کەسیان دەستگیر کردووە کە لەلایەن دادگەکانەوە داواکراو بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 5 رۆژدا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ئابڵۆقە"وە کە لە 81 پارێزگاکەی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوون، چوار هەزار و 491 تۆمەتباری داواکراویان دەستگیرکردووە.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، 17 تۆمەتبار لەوان زیاتر لە 10 ساڵ بوو داواکراو بوون، 19 تۆمەتبار زیاتر لە پێنج ساڵ و چوار هەزار و 455 تۆمەتباریش 1-5 ساڵ بوو بە تۆمەتی جیاواز داواکراو بوون.
 
لەنێو تۆمەتبارە داواکراوەکاندا 690 کەس بە تۆمەتی دزیکردن، 291 کەس بەتۆمەتی فێڵکردن و ساختەکاری، 130 کەس بەتۆمەتی تاڵانکردن، 118 کەس بە تۆمەتی کوشتن، 128 کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی، 860 کەس بە تۆمەتی بازرگانیی مادەی هۆشبەر، 26 کەس بە تۆمەتی تیرۆر، 400 کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە داواکراوبوون.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنانەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دژی تۆمەتبارە داواکراوەکان ئەنجامیان دەدات، بەپێی بەرنامەیەکی تایبەتی مانگانە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وەزارەتەکەوە بەڕێوەدەچن.