یەسەپە کێشەی کەمیی ژمارەی پزیشکی لە جۆلەمێرگ بردە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ

ئۆزنور بارتن، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) کێشەی کەمبوونی ژمارەی پزیشکانی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان گەیاندە پەرلەمانی تورکیا.
 
پێشنیازنامەیەک لەلایەن ئۆزنوور بارتن، پەرلەمانتاری یەسەپە لە بازنەی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەبارەی کەمبوونی ژمارەی پزیشکان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە پارێزگاکەدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بەرزکرایەوە.
 
لە پێشنیازنامەکەدا باس لەوە کراوە لە ناوەندی پارێزگای جۆلەمێرگ و شارۆچکەکانیدا، کەمیی ژمارەی پزیشکان و پێداویستییەکانی پزیشکی تا دێ کێشەی زیاتر بۆ تەندروستیی خەڵک دروستدەکات و پێویستە چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە. ئۆزنور بارتن هەروەها دەڵێت، لە نەخۆشخانەکاندا نەخۆش ناچارن نۆرە بگرن کە ئەمە گوشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانە و پزیشکان دروستدەکات، هاوکات خزمەتگوزاریی تەندروستیش دوادەخات. بەگوێرەی پێشنیازنامەکە ئێستا کوالیتیی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی جۆلەمێرگ زۆر دواکەوتووە، چونکە جگە لە بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکاندا، بەشەکانی دیکە بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەوە هەموو کات کراوە نابن. 
 
پەرلەمانتارەکەی یەسەپە لە پێشنیازنامەکەدا داوا لە فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا دەکات روونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بدات و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی پزیشکان و پێداویستیی پزیشکی دروستبوون.
 
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، کۆچی پزیشکانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ دەرەوەی وڵات زیاد بووە، چونکە ئەوان رازی نین بەو مووچەیەی حکومەت بۆی دیاریکردوون و چەندین جاریش ناڕەزاییان نیشانداوە. لەبەرامبەردا حکومەت رەتیدەکاتەوە مووچەیان بۆ زیاد بکات. 
 
رۆژی 14ـی ئاداری 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لەبارەی ئەو پزیشکانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و لە ئەوروپا و ئەمریکا کاردەکەن، رایگەیاند "دەوڵەت پارەیەکی زۆر لە کەرتی تەندروستی خەرج دەکات، کەچی پزیشکان دەچنە دەرەوەی وڵات. کێ دەڕوات با بڕوات، ئێمە گوێی پێنادەین. لە شوێنی ئەوان، پزیشکی تازە دەرچوو و خوێنی گەرم دادەمەزرێنین."
 
ئەم گوتەیەی ئەردۆغان رەخنەی تووندی پزیشکانی باکووری کوردستان و تورکیای بەدواوە هات و کۆچی ئەوانی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر کرد. 
 
بەپێی رێساکانی حکومەت، فەرمانبەرانی دەوڵەت بەر لەوەی کۆچ بەرەو وڵاتانی دەرەوە بکەن پێویستە پوختەی راژە و نامەی ئەستۆپاکی لە وەزارەتەکانیان وەربگرن. هەر بەپێی ئامارەکانی حکومەتی تورکیا، لە ساڵی 2022'دا زیاتر لە 2 هەزار و 500 پزیشک بە مەبەستی چوونە دەرەوەی وڵات فۆرمیان پڕکردووەتەوە و داوای پوختەی راژە و نامەی ئەستۆپاکییان کردووە.  
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی پزیشکانی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023ـدا هەزار و 361 پزیشک لە باکووری کوردستان و تورکیا داوای پوختەی راژە و نامەی ئەستۆپاکییان کردووە.