ئاگری دارستانێکی تورکیا کوژێندرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاگری دارستانەکانی پارێزگای چاناککالەی تورکیا کە لە دوێنێوە کەوتبووەوە، دوای نزیکەی 24 کاژێر، کوژێندرایەوە.
 
کاژێر 16:05 خولەکی رۆژی سێشەممە 18ـی حوزەیرانی 2024، ئاگر لە پوش و پەڵاشی دەوروبەری گوندی کومکۆی سەر بە شارۆچکەی ئەجابات لە پارێزگای چاناککالەی تورکیا کەوتەوە. بەهۆی خێرایی باوە، ئاگرەکە بۆ دارستانەکانی ناوچەکە تەشەنەی کرد و دوو گوند چۆڵکران.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە دوێنێوە دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆش لە ئاسمانەوە لە رێگەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەوە هەوڵەکان بۆ دامڕکاندنی ئاگرەکە بەردەوام بوون.
 
ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تۆڕی ئێکس رایگەیاند، دوای نزیکەی 24 کاژێر، ئاگری دارستانەکانی چاناککالە کوژێندرایەوە. تیمەکان لە هەوڵی ساردکردنەوەی دارستانە سووتاوەکەدان.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆیەوە شەش هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.
 
هەر بەپێی هەمان ئامار، پێرار هەزار و 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان گەشتیاری رووسی بوون و 149 کەسیش بریندار بوون.
 
 لە 2021یشدا، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. بەهۆیەوە 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسیش برینداربوون.