گردبوونەوەی هاوڕەگەزبازان لە ئیستەنبوڵ قەدەخەکرا

19-06-2016
رەسەن رەمزی
....
....
نیشانەکردن هاوڕەگەزباز
A+ A-

رووداو - ئیستانبوڵ 

هاوڕەگەزبازانی تورکیا دەیانەوێت لە ناوچەی تەقسیم و شەقامی ئیستقلال-ی ئیستەنبوڵ رێپێوان بکەن و دەنگی خۆیان بگەیەنن، بەڵام لەلایەن والی ئیستەنبوڵەوە رێگریان لێکرا، بەهۆی ئەوەی رێپێوانەکەیان دەکەوێتە مانگی رەمەزان.

رەسەن رەمزی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیستانبوڵ، رایگەیاند "رێکخراوی LGBT-ی هاوڕەگەزبازان، کە رێکخراوێکی داکۆیکارە لەو توێژە، پلانی دانابوو لە 19 و 26-6-2016، دوو رێپێوان ئەنجامبدەن: رێپێوانی یەکەمیان وەکو پاڵپشتیکردن بۆ ئەو هاوڕەگەزبازانەی لە ئۆرلاندۆی ئەمریکا کوژران و رێپێوانی دووەمیش نەریتێکی ساڵانەیانە، کە بەناوی رێپێوانی شەرەف ئەنجامی دەدەن.

بەپێی گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو ، دوو رۆژ لەمەوبەر والی ئیستەنبوڵ وەڵامی ئەو رێکخراوەی داوەتەوە و گوتوویەتی، بۆ پاراستنی گیانی هاوڕەگەزبازان و هاووڵاتیانی ئیستەنبوڵ رێگە بە ئەنجامدانی ئەو رێپێوانانە لەو شوێنانە نادرێت و، شوێنی دیکەیان بۆ تەرخانکردوون، بەڵام هاوڕەگەزبازان سوورن لەسەر ئەوەی رێپێوانەکەیان لەو دوو شوێنە ئەنجامبدەن.

بەرلە چەند رۆژێک کاتێک رێکخراوی هاوڕەگەزبازان بڕیاری ئەنجامدانی رێپێوانی دا، لەلایەن چەند رێکخراوێکی تووندڕەوەوە هەڕەشەیان لێکرا "ئەگەر بێت و ئەو رێپێوانە ئەنجام بدەن، رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە"، بەهۆی ئەوەی ئەو رێپێوانە دەکەوێتە نێو مانگی رەمەزان، بەڵام هاوڕەگەزبازان سوورن لەسەر ئەنجامدانی رێپێوانەکە، لەبەرئەوە والی ئیستەنبوڵ هێزە ئەمنییەکانی ئاگادارکردووە لەوەی بەهەموو شێوەیەک رێگری لە ئەنجامدانی ئەو رێپێوانە بکەن.

"رێپێوانی شەرەف" لە ساڵی 2003وە لەلایەن نزیکەی 30 هاوڕەگەزبازەوە دەستی پێکرد، لە ساڵانی 2013 و 2014 و2015 ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری ئەو رێپێوانەیان کرد گەیشتە دەیان هەزار کەس، ساڵی رابردووش هەر لە مانگی رەمەزان رێپێوانەکەیان ئەنجام دا، لە رێپێوانەکە لەنێوان پۆلیس و هاوڕەگەزبازان پێکدادان و تووندوتیژی دروستبوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە