رووداو دیجیتاڵ
یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز یەدەگی پاکی دراوی بیانیی بانکی ناوەندی تورکیا لە هەفتەی هەڵبژاردنەکاندا 4.45 ملیار دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
لە داتاکانی بانکی ناوەندیدا دەرکەوتووە کە وەبەرهێنەرانی بیانی پێیان باشترە ئەو مەترسیانە کەم بکەنەوە، کە رەنگە لە پشک و بۆندە ناوخۆییەکانەوە پێش هەڵبژاردنەکان سەرهەڵبدەن.
بەپێی ئەو حیساباتانەی لەسەر بنەمای ئەو داتایانە کراوە، یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و زێڕی تورکیا لە شەش هەفتەی کۆتایی پێش هەڵبژاردنەکاندا 17 ملیار دۆلار کەمیکردووە.
دوائ ئەوەی هەڵبژاردنەکانی گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتیی تورکیا تەواو بوون و دەرکەوت ئەردۆغان لە پێش رکابەرەکەیەتی، لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ژمارەیەکی پێوانەیی لە لەدەستدانی بەهاکەی تۆمار کرد، بە جۆرێک یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.80 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها جیاوازی نێوان نرخی کڕین و فرۆشتنی بانکەکان بە دۆلاری ئەمریکی 2 لیرەی تێپەڕاند.
ئاماژە بەوە دەدرێت کە بانکەکانی تورکیا وازیان هێناوە لە وەرگرتنی پێشینەی نەختینەیی لە کارتی بانکیی.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، لیرەی تورکی %1ی بەهاکەی لەدەستداوە.
بە گوتەی شارەزایان، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای لیرە ئەو چاوەڕوانییەیە کە ئەردۆغان لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا درێژە بە سیاسەتی دراوی ئێستای خۆی بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ