وەزیری وزەی تورکیا تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان: 7 مانگە بۆرییەکە ئامادەیە

19-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، زیاتر لە حەوت مانگە بۆری تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی پێدا هەناردە نەکراوەتەوە. 
 
ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە دەریای رەش و دەریای نێوەڕاست، بەرهەمهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ میدیای وڵاتەکەی قسەی کرد. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە نەوتی باکووری کوردستانەوە هەیە، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتی، رۆژانە زیاتر لە 40 هەزار بەرمیل نەوت لە بیرەکانی گابار لە پارێزگەی شرنەخ بەرهەم دێنن و دەیگوازنەوە شارەکانی دیکە بە مەبەستی پاڵاوتەکردنی و گوتیشی، "بۆ ئەوەی لە رووی لۆجیستیەوە گواستنەوە خێراتر و خەرجییەکەی کەمتر بێت، نەوتە خاوەکە بە بۆری دەگوازینەوە".
 
بایراکتار ئاماژەی بەوەشکرد، "پلانمان هەیە بۆری نەوتی گابار بە هێڵی بۆریی تورکیا-عێراق گرێبدەین و پێویستمان بە راکێشانی بۆرییە بە مەودای 36 کیلۆمەتر. تاوەکو ئێستا 15 کیلۆمەتر تەواو بووە". 
 
لەبارەی ئەو بۆرییەی کە نەوتی باشووری کوردستان دەگەیێنێتە بەندەری جەیهان، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتی، "ئەم بۆرییە بۆ پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان". 
 
بایراکتار ئاماژەی بە تێکچوونی بەشێکی ئەو هێڵە کرد لە کاتی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ساڵی 2023ی باکووری کوردستاندا و گوتی، "وەزارەتەکەمان سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی هێڵی بۆرییەکەی چارەسەرکرد و لە رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2023وە بۆرییەکەمان بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق نەوتی پێدا هەناردە نەکردووەتەوە". 
 
وەزیری وزەی تورکیا زیاتر گوتی، کێشەی یاساییان تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بەردەوامە و رایگەیاند، "بە لایەنی عێراقیمان راگەیاندووە کە تورکیا هۆکاری کێشەی هەناردەی نەوت و کەموکوڕییەکانی دیکەی تایبەت بە بۆری نەوت نەبووە. لێکتێنەگەیشتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی باکووری عێراق و حکومەتی ناوەندی هەیە و رەنگدانەوەی لێکتێنەگەیشتنەکانی نێوانیشیانمان بینی. سەرەڕای ئەوەش، لە 4ـی تشرینی یەکەمەوە هیچ هۆکارێک وەک ئاستەنگ لەبەردەم گواستنەوەی نەوت نەماوە. پێمان راگەیاندوون کە لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەیی تەواومان بۆ وەرگرتنی نەوت هەیە". 
 
بڕیارە رۆژی 22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات. 
 
ئەردۆغان سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی دەکات و پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان و پرسە سیاسییەکان و ئاسایش لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا و ئەنقەرە و هەولێر تاوتوێ دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە