ئەردۆغان: لە چاوی ئێمەدا پەکەکە و برا کوردەکانمان جیاوازن
رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆگرامێکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا کە شەوی رابردوو 18-4-2023 پێشکێشکرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ هەمان پۆست رایگەیاند، ئەوان کورد بە جیا و پەکەکەش بە جیا دەبینن و بە یەک چاو سەیری هەردوولا ناکەن.
ئەردۆغان: پەکەکە و برا کوردەکانمان جیاوازن
یەکێک لەو بابەتانەی پرسیاری لەبارەیەوە کرا، تۆمەتبارکردنی کورد بە تیرۆر و لکاندنیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو. ئەردۆغان گوتی: "بێگومان لە دیدی ئێمەدا پەکەکە جیایە و برا کوردەکانمان جیان. واتا ئێمە ناتوانین بە یەک چاو سەیری برا کوردەکانمان و پەکەکە بکەین."
ئەردۆغان: بەر لە هاتنی ئێمە هیچیان بۆ نەکرابوو
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی لەو خزمەتگوزارییانە کرد کە لە سەردەمی ئاکپارتی بۆ باکووری کوردستان کراون گوتی:"تا ئەو کاتەی ئێمە هاتینە سەر دەسەڵات وەبەرهێنانێکی وەها بۆ رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات نەکرابوو. ئێمە دەسەڵاتمان وەرگرت و من بەڵێنێکم دا؛ لە رۆژئاوا چی کراوە، لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتیش هەمان شت دەکرێت. باشە کرا؟ من ئێستا بە تەحەداوە دەیڵێم؛ بەڵێ کرا. سەیرکەن ئێستا لە ئاگری فڕۆکەخانە هەیە. لە ئیدر فڕۆکەخانە هەیە. لە مووش و یوکسەکئۆڤای هەکاری فڕۆکەخانە هەیە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، پێشتر لە تەواوی تورکیادا 76 زانکۆ هەبوو و گوتی: "ئێمە 208 زانکۆمان دروستکرد کە بەوجۆرە هیچ پارێزگایەک نەما زانکۆی تێدا نەبێت. لە ئیدر، هەکاری، مووش، ئاگری و لە هەموو پارێزگاکاندا ئیدی زانکۆمان هەن. بۆچی؟ چونکە من نەمدەتوانی براکانی ئەوێ، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردە، بێ زانکۆ جێبهێڵم. زانکۆمان بۆ ئەوانیش دروستکرد. ئێمە دەڵێین، ئەوان چەندە کوردن، ئێمەش ئەوەندە کوردین. ئێمە؛ تورک و کورد، پێکهاتەی رەسەنی ئەم وڵاتەین."
ئەردۆغان: هەدەپە و جەهەپە دوژمنی کوردن
ئەردۆغان لە پرۆگرامەکەدا ناوی چەند لایەنێکی سیاسی هێنا کە ئەو پێیوایە دوژمنی کوردن و گوتی: "ئەگەر بەدوای دوژمنی کورددا دەگەڕێیت، سەیری هەدەپە بکە. ئەگەر بەدوای دوژمنی کورددا دەگەڕێیت، سەیری جەهەپە بکە. ئەوانە دوژمنی برا کوردەکانمانن. عەقڵی جەهەپە و هەدەپە کە ئەمڕۆ بای بای کەمال نوێنەرایەتیی دەکات، ساڵانێک دوژمنداریی کوردی کردووە."
ئەردۆغان هەروەها دەڵێت: "ئەوە ئاکپارتی بوو کە تەواوی زیانەکانی سەر برا کوردەکانمانی لادا و وەڵامی داواکارییە رەوا و ئازادییەکانی ئەوانی دایەوە. ئێمە وامانکرد لە هەموو شوینێکدا ئەوان بتوانن بە ئازادییەوە بە زمانی کوردی قسەبکەن. هەر بۆیەش برا کوردەکانمان زۆرترین دەنگیان بە ئاکپارتی داوە و دەنگیشی پێدەدەن."
سەبارەت بە پەیوەندیی کەمال کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ هەدەپە، ئهردۆغان گوتی: "باى باى كهمال، به شێوهیهك ملكهچى داواكارییهكانى پهكهكه/ههدهپه بووه، تهنانهت ناتوانێ بڵێ 'رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە'، ناشیڵێت. مامەڵەیەکی وەهای لەگەڵ تیرۆریستان کردووە، کە ناتوانێت لە بەرامبەر سووکایەتیکردنی هەدەپە بە جەهەپە، دەمی بکاتەوە و یەک وشەش بڵێ. بای بای کەمال ئەوە ناهێنیت، تۆ رۆیشتوویت و دەڕۆیت."
ئەردۆغان: جەهەپە برا کوردەکانی منی خۆشناوێت و درۆ دەکات
ئەردۆغان سەبارەت بەو بەرەیەی لە دژی لەلایەن شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنەوە بە ناوی هاوپەیمانیی میللەت دروستکراوە، رایگەیاند: "مێزی شەشقۆڵی، هەروەک پێشتر باسمان دەکرد شەشقۆڵی نەبوو. ئیدی ئەوەی ژێر مێزەکەش هاتە سەر مێز و بوونە حەوت قۆڵی. ئێستا ئەو مێزە هاووڵاتییانی کوردمان بەکاردەهێنێت. لێرەدا هاوپەیمانیی جەهەپە هەیە. جەهەپە برا کوردەکانی منی خۆشناوێت و درۆ دەکات. هەموو ئەمانە درۆن. لە باشووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی وڵاتدا جەهەپە هیچ گرنگییەکی پێنادرێت. بەڵام ئێستا دەیەوێ لەڕێی باڵی رێکخراوی تیرۆریستی لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات شتێک بەدەستبهێنێت."
ئهردۆغان هەروەها ئاماژەیکرد کە سەردەمی دواى 14ی ئایار بۆ توركیا دهبێته قۆناخى دووباره ههڵسانهوه و گوتی: "لهگهڵ ئهم قۆناخی ههڵسانهوهیهدا توركیا دهچێته نێو سەردەمێکی نوێوه."
ئەردۆغان: دوو شاری جیاوازی ملیۆنی لە هەردوو بەری ئیستەنبووڵ دروستدەکەین
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ئیستەنبووڵ و مەترسییەکانی بوومەلەرزە کرد و گوتی: "رێگە نادەین دانیشتووی زیاتر بۆ ئیستەنبووڵ بێت. ئەو چڕی دانیشتووانەی لە ناوچە مەترسیدارەکانی بوومەلەرزە هەیە، بەسەر ئەو ناوچانەدا دابەشی دەکەین کە مەترسیی بوومەلەرزەیان لەسەر کەمترە."
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "لە ئیستەنبووڵ دوو شاری جیاوازی یەک ملیۆنی دروستدەکەین. ئەو دوو ناوچەیە کە لە هەردوو بەری شارەکە دروستدەکرێن، دەبنە نموونەیەکی مۆدێرنی نیشتەجێبوون. لە هەردوو بەری شارەکە پێویست بە 130 ملیۆن مەتر چوارگۆشە هەیە. شوێنەکان دیاریکرا و بۆ ئەوانە بەکاردەهێندرێت کە دەیانەوێت ئەو باڵەخانانەیان نوێ بکەنەوە کە مەترسیی رووخانی لەسەرە. رۆژمێرێکی پێنج ساڵیمان ئامادەکردووە و پرۆژەکە نەک تەنیا ئیستەنبووڵ، بەڵکو مارمارا و تراکیاش دەگرێتەوە. وەکو رێوشوینێک لە بەرامبەر کارەساتی گەورە، پلانی ستراتیجیی ئیستەنبووڵ جێبەجێدەکەین."
ئەردۆغان: بەرەنگاری ئەوانە دەبینەوە کە تووندوتیژی دژی ژنان دەکەن
سەبارەت بە تووندوتیژیی دژی ژنان کە ماوەیەکە رەخنە ئاراستەی حکومەتی تورکیا دەکرێت، ئەردۆغان جەختیکردەوە کە بە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە تووندوتیژیی دژی ژنان نادەن و بۆ پێشگرتن لەم بابەتە، زۆر بە پێداگرییەوە یاساکان جێبەجی دەکەن.
هەروەها رایگەیاند بە تووندی بەرەنگاری ئەوانە دەبنەوە کە مهیلى له رێلادانیان ههیە "وەکو LGBT كه ههڕهشه لهسهر شیرازەی خێزان دروستدهكهن."
"لەڕێی گازی سروشتیی دەریای رەشەوە هاوکاریی خێزان و لاوان دەکەین"
ئهردۆغان باسی لە پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەو گەنجانە کرد کە دەیانەوێت ژیانی هاوژینی پێکبهێنن و گوتی: "بڕى 150 ههزار لیره قهرزى پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بۆ ماوەی دوو ساڵ و بێ سوود بهو كهسانه دهدهین كه ژیانی هاوژینی پێکدێنن. هەروەها لە گازی سرووشتیی دەریای رەشەوە، هاوکاری بۆ خێزان و لاوان دابین دەکەین. لە بانکی خێزان و لاوان ئەمانە پاشکەوت دەکەین."
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە. لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش دەتوانن لە دەرەوە دەنگ بدەن.