دوران کاڵکان: شەڕ دەگوازینەوە شارەکانی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین رایگەیاند، شەڕ دەگوازنەوە بۆ شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان. هەروەها دەڵێت: "ئەگەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان، ئەوا شەڕەکە فراوانتر دەبێت و باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە".
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 18ی نیسانی 2022 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، لە هەر شوێنێکدا "فاشیزم"ی ئاکپارتی و مەهەپە هێرشبکاتە سەریان، بە شەڕ وەڵامیان دەدەنەوە.
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەدا، لە گەورەشارەکانی تورکیا شەڕێکی کاریگەرتر بەڕێوەدەبەن و لەو چوارچێوەیەدا ئامادەکاریان کردووە.
کاڵکان گوتی: "زوڵم و زۆرداری حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتووەتە لوتکە، شەڕ و خۆڕاگری گەریلاکانمان ئاراستەی دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپەی بەرەو داڕمان خێراتر کردووە."
لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی سوپای تورکیا کە بەرەبەیانی دوێنێ وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، دوران کاڵکان گوتی، "راستییەکەی قۆناخەکە لە 10ی شوباتی 2021 ـەوە بەهێرشکردنە سەر ناوچەی گارە دەستیپێکردووە، خۆڕاگری گەریلاکانمان لە 23 نیسانی 2021 لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاری بۆ سەر ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لەو چوارچێوەیەدا روویدا و شکستیان بە ئۆپەراسیۆنەکە هێنا و بەدرێژایی یەک ساڵ گەریلا خۆڕاگرییەکی بەهێزی کرد".
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەکەکە هەروەها گوتی: "ئەم شەڕە تەنیا سنووردار نابێت بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا، لە هەر شوێنێکدا فاشیزمی ئاکپارتی و مەهەپە هێرشبکاتە سەرمان، بە شەڕ وەڵامیان دەدەینەوە. شەڕ لە باکووری کوردستان دەبێت لە تورکیا دەبێت. شەڕ دەگوازرێتەوە بۆ تورکیا و لە گەورە شارەکاندا شەڕێکی کاریگەرتر بەڕێوەدەبەین. لە شار و دەشت و لە شاخ، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەکاری کراوە، هەموو شوێنێک گۆڕەپانی شەڕە".
کاڵکان سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرامبەر لەشکرکێشییەکەی تورکیا گوتی: "دیکتاتۆرییەتی تەیب ئەردۆغان لە بادینان، لە ئاڤاشین و زاپ دەستی گرتووە بەسەر بەشێکی زۆری باشووری کوردستاندا. نە حوومەتی عێراق دەنگ هەڵدەبڕێت نە ئیدارەی هەولێر. چەند رۆژ لەمەوبەر تەیب ئەردۆغان لە تەلەڤیزیۆن دەیگوت لەو دیوی سنوور لە هەندێک شوێن 10 کیلۆمەتر و لە هەندێک شوێن 30 کیلۆمەتر دەستمان بەسەردا گرتووە و بەو شێوەیە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەپارێزین. باشە ئیدارەی بەغدا و هەولێر لە کوێن؟ فرۆشتیان؟ با بەئاشکرا بیلێن. ئەو دیوارە دەبینین کە لە شنگال-سنووری سووریا دروستکراوە، هاوشێوەیە لەگەڵ ئەو دیوارەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر سنوورەکانی ئێران و سووریا دروستی کردوون، سەرجەم کەرەستەکانی دیوارەکەی پێ دروستکراوە لە تورکیاوە هاتوون و دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە ناردوویەتی. سنووری نێوان عێراق و سووریاش بە هەمانشێوەیە و حکومەتی سووریا بێدەنگە".
دوران کاڵکان باسی لەو دەنگۆیانەش کرد کە باس لە یارمەتیدانی هێزەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکرێت و گوتی: "لەبارەی پارتی لە میدیاکاندا هەواڵ بڵاوبوونەتەوە، گوایە پێکەوە هێرش دەکەن. ئێمە لێی دەڕوانین، رێک نازانین دۆخەکە چۆنە. لەلایەنی پارتییەوە روونکردنەوەی روون و ئاشکرا نەدراوە. زانیارییەک نییە رای گشتی قانع بکات. بەڵام با ئەوە بڵێم، پارتی بەجۆرێک لە نێو ئەم شەڕەدایە، عێراقیشی لە نێودایە. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە حەفتانینەوە تاوەکو خواکورک هاتووە و هێندە هێرش دەکات، ئەوا بە مۆڵەت و پاڵپشتی پارتی و حکومەتی عێراق روودەدات. بەو هۆیەوە لە ئاستێکدا لە نێو ئەم شەڕەدایە. لەمە بەلاوە، ئایا لە چوارچێوەی پلانێکی هاوبەش پێکەوە هێرشی سەربازی دەکەنە سەر گەریلا؟ نازانین، دەیبینین. ".
بەرپرسەکەی پەکەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "شتێکی وەها دەبێتە کارەسات، باشتر وایە ئەمە بزانرێت. لە دۆخیکی لەو جۆرەدا شەڕ تەنیا لە حەفتانین و خواکورک و ئەو شوێنانە نابێت، بە هەموو شوێنیکدا بڵاودەبێتەوە، تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە، زەرەرمەندی سەرەکیش خەڵکی باشووری کوردستان دەبێت. پێویستە خەڵکی باشوور ئەم راستیانە ببینێت. وەک چۆن لە هەولێر پارتییان کرد بە دەسەڵات، دەتوانن راشی بگرن".