ئەفسەرێکی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی چڕنووک - قوفڵدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، کە لە دوایین ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان برینداربوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی نیسانی 2022 بڵاوکراوتەوە، ئەفسەرێکی سوپای تورکیا بە ناوی عومەر دەلیباش بە پلەی ملازمی یەکەم، کە رۆژی دووشەممە 18ی نیسان لە ئۆپەراسیۆنی چڕنووک - قوفڵی سوپای تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باشووری کوردستان، بریندار ببوو، درەنگانی شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ناوی چڕنووک - قوفڵ لە باشووری کوردستان دەستپێکرد.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشین لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە.
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکەیان وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت و ئەو ئامانجەی لە قۆناخی یەکەمدا دیاریکرابوو، بەدەستهاتووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەوبارەوە نەدرکاندووە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش بریندارن. هەروەها دوو هەلیکۆپتەریشیان پێکاوە.