هاوسەرۆکی دەم پارتی: هەمان هەڵوێستی 2013مان بۆ پرۆسەی ئاشتی هەیە

19-03-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئێلیهـ بانگەوازی لە ئاکپارتی کرد و رایگەیاند، دەم پارتی ئێستاش هەمان هەڵوێستی ئەرێنیی 2013ی بۆ پرۆسەی ئاشتی هەیە.
 
لە ئاهەنگی نەورۆزی پارێزگای ئێلیهـ، کە ئەمڕۆ سێشەممە 19-03-2024 بەڕێوەچوو، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی گەلان - دەم پارتی گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
باکرهان نەورۆزی 10 ساڵ پێش ئێستای وەبیرهێنایەوە کە تێیدا پڕۆسەی ئاشتی لەئارادا بوو، هەروەها بانگەوازی لە دەسەڵات کرد و رایگەیاند، دەم پارتی ئێستاش هەمان هەڵوێست و بۆچوونی ئەو کاتەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەیە.
 
رەخنەگرتن لە هوداپار
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا باکرهان رەخنەی لە پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار گرت، کە پارتێکی ئیسلامیی کوردستانییە و ئەمجارە بەربژێری بۆ شارەوانی هەیە.
 
تونجەر باکرهان لەبارەی بانگەشەکانی هوداپار لە پارێزگای ئێلیهـ رووی کردە ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی و گوتی، "خەڵکی خۆشەویستی باتمان، دڵنیابن هەڵوێست و خەباتی ئێوە کەسانێکی تۆقاندووە و ترساندووە. بە (دۆسیەکانی کوشتنی بکەر نادیار) نەیانتوانی کۆتایی بەم خەباتە بهێنن؛ قەیوومیان دانا و نەیانتوانی کۆتایی پێ بهێنن؛ ئێمەیان خستە زیندان هەر نەیانتوانی؛ ئێستاش هاتوون و وا دەزانن دەتوانن لە رێگەی پڕوپاگەندەی نادروستەوە زیان بە خەباتی گەلی کورد بگەیێنن."
 
تونجەر باکرهان زنجیرەتاوانەکانی ساڵانی 90ـەکانی سەدەی رابردووی وەبیرهێنایەوە، کە دامەزرێنەرانی پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار دەکرێن و گوتی، "تاوانەکانی ساڵانی 90مان لەبیرنەکردووە. کەسانێک ئێستا وا بیردەکەنەوە بە شیرین دەرکەوتن و زەردەخەنەکانیان خەڵکی بەشکۆی باتمان ئەو تاوانانە لەبیردەکەن. باتمان! خاوەنداریی ناسنامە و شکۆت بکە. دڵنیام رۆژی 31ی ئادار وەڵامی پێویستی ئەو کەسانە دەدەیتەوە کە رۆڵیان لە کوشتنی تۆدا هەبووە."
 
باکرهان لەبارەی بەرپرسانی هوداپار: ئەوان هۆکارن کە دەمیرتاش و هاوڕێیانمان لە زیندانن
 
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رەخنەی لە هوداپار گرت بەوەی لە دۆسیەی کۆبانێ و دۆسیە جیاوازەکانی دیکەدا دانپێدانان دەکەن و دواتریش لە پارێزگای ئێلیهـ دەڵێن، "ئێمە کوردین."
 
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە هوداپار رۆڵی هەبووە لەوەی ئێستا سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و دەیان هاوڕێیان لە زیندان بن و گوتی، "کوردی بەشەرەف ئەو کوردەیە لە دۆسیەی کۆبانێ دانپێدانان نەکات، کە ئەو دۆسیەیە تەڵەیەکی دانراوەیە. راستە ئەوان لێرە زەردەخەنە بۆ ئێوە دەکەن، بەڵام ئەوان هۆکاری مانەوەی دەمیرتاشەکان و یوکسەکداخەکان و دەیان هاوڕێمانن لە زیندان. باش بیانناسن ئەی خەڵکی باتمان."
 
تونجەر باکرهان گوتی، "باتمان مێژوو، زمان و کولتووری خۆی لەبیرناکات و هاوشێوەی دوێنێ، ئەمڕۆش خاوەنداریی ناسنامە و بەهای خۆی دەکات. ئەوان بێشەرمانە پارێزەرایەتیی دۆسیەی کۆبانێ دەکەن و دانپێدانان دەکەن، ئینجا دێنە باتمان و دەڵێن ئێمەش کوردین. خەڵکی باتمان باش دەزانن کەسانیک ئەگەر دەستە بەخوێن و چڵکنەکانیان بە 40 دەفر ئاویش بشۆن، دەستەکانیان هەر چڵکن و خوێناوییە."
 
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی باسی لەوە کرد کاتێک پەرلەمانتارانی دەم پارتی بە زمانی کوردی قسە دەکەن و مایکرۆفۆنیان لەسەر دادەخەن، هوداپار لایەنگریی ئەوان دەکەن، کەچی لە ئێلیهـ باسی کوردایەتی دەکەن.
 
هوداپار و کاری سیاسی
 
پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردستانییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. ئەگەرچی هوداپار نکۆڵی لەوە دەکات بەڵام  چەند لایەنێک ئەو پارتە بە بەردەوامیی حیزبوڵڵا لە قەڵەم دەدەن.
 
لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا سەتان کەس لە باکووری کوردستان کوژران و دۆسیەکە بە دۆسیەی بکەرنادیار ناودەبرێت و حیزبوڵڵا بە ئەنجامدەرێکی تۆمەتبار دەکرێت.
 
هوداپار تائێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018دا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا کە رێژەی 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 هوداپار لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد  و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە.   
 
دەم پارتی، مەهدی ئۆزتوزون، هاوبەربژێری سەرۆکی شارەوانیی ئێلهی لەکار لادا
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە ئێوارەی رۆژی 12-3-2024 لە لایەن دەستەی هاوئاهەنگیی دەم پارتی لە بارەگای دەم پارتیی ئێلیهـ سازکرا، بڕیار لە چارەنووسی مەهدی ئۆزتوزون، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی شارەوانی ئێلیهـ درا.
 
ئۆزتوزون وێنەیەکی لەگەڵ سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئێلیهـ  بڵاوببووەوە و ئەوەشکاردانەوەی سەرکردایەتیی دەم پارتی لێکەوتەوە.
 
دەم پارتی لەو کۆنفرانسەدا رایگەیاند، "به هۆی ئەو هەڵوێستەی دژی پارتەکەمان و بەها نیشتمانپەروەرییەکانمان و ویستی ژنان، مەهدی ئۆزتوزون هیچ پەیوەندییەکی بە پارت و دەزگاکانی ئێمەوە نەماوە. ئەمە بە رای گشتی رادەگەیەنین کە ئۆزتوزون بەربژێری ئێمە نییە بۆ شارەوانی."
 
بەهۆی ئەوەی سیستمی دەم پارتی هاوسەرۆکایەتییە و بۆ هەر پۆستێک ژنێک و پیاوێک بەربژێر دەکات، ئێستا گوڵستان سۆنوک بە تەنیا ئەرکەکەی گرتووەتە دەست و درێژە بە کارەکانی دەدات.
 
بەربژێری هوداپا لەمبارەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد
 
رۆژی 25-02-2024 لە یاریگەی یانەی باتمان هەریەک لە سەرکان رامانڵی، بەربژێری هوداپار و مەهدی ئۆزتوزون، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئێلیهـ لە تەنیشت یەکدی وەستابوون، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو دوو بەربژێرە بۆ هەمان پۆست رکابەرن، بەڵام نایشارنەوە کە هاوڕێیەتییەکی لەمێژینە لە نێوانیاندا هەیە.
 
لەوبارەیەوە بەربژێرەکەی هوداپار گوتی، "کاتێک چوومە یاریگاکە، بڕیارم دا هاندەران بەسەر بکەمەوە. بینیم کاک مەهدی لەوێیە. ئێمە هاوڕێیەتییەکی کۆنمان لەگەڵ کاک مەهدی هەیە. لە هەمان بارۆ کارمان کردووە. هەروەها ئەو کاتەی گیرابوو، لەسەر ویستی خۆی من پارێزەرایەتیی ئەوم کرد. چوومە لای و تەوقەمان کرد و ماوەیەک وەستاین."
 
بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە نیگەرانیی بەشێک لە بەرپرسانی دەم پارتی بەدوای خۆیدا هێنا. ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە ئەوە تەنیا وێنەیەک نییە.
 
هەڵبژاردنی 2019ی شارەوانی لە ئێلیهـ
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، هەدەپە 66.03٪ی دەنگەکانی ئێلیهی بردەوە و سەرۆکی شارەوانیی بەدەستهێنا؛ هەروەها ئاکپارتی 28.55٪ی بەدەستهێنا.
 
لە تورکیا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە