میدیای فەرمیی تورکیا: میت بەرپرسی دارایی هەسەدەی کردە ئامانج

19-03-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن هەسەدە میت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەرپرسی دارایی هەسەدەی لە حەلەب کردووەتە ئامانج و گیانی لەدەستدا. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، محەممەد یڵدرم ناسراو بە حەمزە کۆبانێ کە لەدایکبووی باکووری کوردستان و بەرپرسی دارایی هەسەدە بووە لە حەلەب و تەلرەفعەت، لەلایەن تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت لە ناوچەی شێخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب کراوەتە ئامانج. 
 
هەرچەندە دەزگای میت رۆژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام راگەیێندراوە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023 کردنە ئامانجی ئەو بەرپرسەی هەسەدە ئاشکراکردووە. 
 
حەمزە کۆبانێ لە ساڵی 1986 پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و ماوەیەکی زۆر بەشێک بووە لە رێکخستنی پەکەکە/کەجەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا. 
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، ئەو هاونیشتمانییە چەندین ساڵ لە قەندیل ئەرکدار بووە و ساڵی 2015 چووەتە رۆژئاوای کوردستان و لە نێو یەپەگە و هەسەدەدا چەندین بەرپرسیاریێتیی وەرگرتووە، کە دوایینیان بەرپرسی دارایی هەسەدە بووە لە حەلەب و تەلرەفعەت. 
 
وەک میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، ساڵی رابردوو، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت 41 ئۆپەراسیۆنیان لە دەرەوەی تورکیا کردووە؛ 26 کەس کراونەتە ئامانج و 39 کەسیش دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە تورکیا.
  
تاوەکو ئێستا ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەئامانجکردنی حەمزە کۆبانێ بڵاونەکردووەتەوە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە