پارێزگای ئیستەنبووڵ رەتیدەکاتەوە ژنە کوردە بەساڵاچووەکە فەرامۆش کرابێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای ئیستەنبووڵ ئەو ژنە کوردە بەساڵاچووەی کە گوایە بەهۆی نەزانینی تورکییەوە هاوکاری نەکروە، "خزمەتگوزاریی تەواوی پێشکێشکراوە و ئەو ڤیدیۆیەس کە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا بە مەبەست بووە."
 
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ژنێکی کورد لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ کە دەگوترا بەهۆی نەزانینی تورکییەوە هاوکاری نەکراوە، پارێزگای ئیستەنبووڵ راگەیێندراو و گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە هاوکاری نەکرابێت.
 
گرتەی ڤیدیۆیی ژنێکی بەساڵاچووی کورد لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی. گرتەڤیدیۆییەکە رۆژی 18-2-2024 بڵاوکرایەوە کە تێیدا کەسێک لە تەنیشت ژنەکە وەستاوە و باس لەوە دەکات کە بەهۆی ئەوەی ژنەکە زمانی تورکیی نەزانیوە، هیچ کەسێک بە هانایەوە نەچووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 19-2-2024، پارێزگای ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "رووداوەکە بە تەواوی هەڵەتێگەیشتنی تێدایە و دوورە لە راستییەوە. ئەو ڤیدیۆیەی لەبارەی هاووڵاتییە بەساڵاچووەکەمانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە مەبەست بووە. ئەمە پروپاگەندەیە لە دژی دەوڵەتمان".
 
رۆژی 17-2-2024 ژنە کوردە بەساڵاچووەکە لە فڕۆکەخانەی پارێزگای وانەوە بەرەو ئیستەنبووڵ گەشتیکردووە. کوڕەکەی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ چاوەڕێی کردووە. بەگوتەی کوڕەکەی، ئەو ژنە بەهۆی ئەوەی زمانی تورکیی نەزانیوە، بێبەش کراوە لە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە و ماوەی دوو کاژێر و نیو نەیتوانیوە لە فڕۆکەخانە بڕواتە دەرەوە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە پارێزگای ئیستەنبووڵ گرتەڤیدیۆییەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کارمەندی فڕۆکەخانە بە عەرەبانە ئەو ژنە کوردە دەگوازنەوە.