سەرۆکی جەهەپە: 14ی ئایار هەڵبژاردنە و دەستپێکێکی جوان دەهێنینە ئاراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان رەخنەی لە سیاسەتی تورکیا گرت بەوەی چووەتە نێو سووریا و ئەوەی بە سیاسەتێکی هەڵە وەسفکرد. ئاماژەی بەوەش کرد، 14ی ئایار هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە ئێوارەی چوارشەممە 18-01-2023 لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان لە پرۆگرامێک بەناوی "دیدار لەگەڵ هاوشارییەکانی باشووری رۆژهەڵات" رەخنەی تووندی لە حکومەت گرت. سەرۆکی جەهەپە زیاتر دوو بابەتی هێنایە پێشەوە کە بریتیبوون لە دۆخی دارایی و سیاسەتی تورکیا لە سووریا.
سەبارەت بە هەڵبژاردن، کە رۆژی چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە رۆژی 14-05-2023 کردبوو، کڵچدارئۆغڵو گوتی، "سندووقەکان دەهێندرێنە بەردەممان. 14ی ئایار هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. دەڕۆینە سەر سندووقەکان و پشتیوان بە خودا قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکەین و دەسپێکێکی جوان دەهێنینە ئاراوە."
پارتەکانی جەهەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، پارتی دیموکرات و پارتی ئایندە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی میلـلەت سەرقاڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەک و دیاریکردنی کەسێکن تاوەکو بەربژێری بکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار. ئەو شەش پارتە تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 کۆبوونەوەی فەرمییان سازداوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆئەوەی بەربژێر بێت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
تائێستا هەدەپە بۆ ئەو کۆبوونەوانە بانگهێشت نەکراوە. بەتایبەتی مێرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت، ئەوان لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا بەشداری ناکەن کە هەدەپەی تێدا بێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو شەش پارتە بەبێ هەدەپە دڵنیا نین لە سەرکەوتن لە بەرامبەر ئاکپارتی و مەهەپەدا.
ئێستا دوو هاوپەیمانی لە تورکیادا رکابەرن؛ هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە پێکیدەهێنن، لەگەڵ هاوپەیمانیی میللـەت کە شەش پارتەکەن.
بەشی هەرەزۆری راپرسییەکان باس لە بوونی رکابەرییەکی تووند لەنێوان ئەو دوو هاوپەیمانییە دەکەن. هەرچیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەیە کە ساڵی 2018 لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا 11.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، تائێستا لە دەرەوەی ئەو دوو هاوپەیمانییەیە.
هاوسەرۆکانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هۆشدارییان داوەتە بلۆکی ئۆپۆزیسیۆن لەوەی ئەگەر هاوپەیمانییەکی فەرمی لەئارادا نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ئەو پشتیوانییەی لە رابردوو پێشکێشیان کرد، دووبارەی ناکەنەوە و بە بەربژێری خۆیانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.