وەزیری دادی تورکیا: رۆژێک بۆ دیداری ئۆجەلان و دەم پارتی دیاریدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، ''لە کاتێکی گونجاودا رۆژێک دیاریدەکەین''.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، رۆژی چوارشەممە، 18-12-2024، لە کاتی چوونی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی لەبارەی گفتوگۆکردن لەبارەی بودجەی ساڵی 2025، وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
تونچ، لەبارەی دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، ''هاوڕێیان، پێشتریش گوتبووم، لە کاتێکی گونجاودا بڕیار لەمبارەیەوە دەدەین. کاتێکی گونجاو دیاریدەکەین، بەگوێرەی ئەوە، پێویستە چاوەڕێ بکەین''.
وەزیری دادی تورکیا گوتیشی: ''ئەم ماوەیە کۆبوونەوەکانی بودجە دەکرێن. بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی بودجە، بڕیار دەدەین. مۆڵەت و رۆژەکە لە هەمان کاتدا دیاریدەکرێن''.
سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد "بێتە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە''.
باخچەلی هەروەها دوایین جار، رۆژی 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپاتدەکەینەوە".
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان رۆژ داواکاریی بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.