رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی تورکیا، باکووری کوردستان و باشووری کوردستان دابەزی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-12-2024، بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتە 35.01 لیرەی تورکی. ئەمە نزمترین ئاستی بەهای لیرەیە لە مێژووی مامەڵەکانیدا.
دوێنێ پێنجشەممە، هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 34.90 لیرەی تورکی بووە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، لیرەی تورکی 18.67٪ـی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە. رۆژی دووی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان، یەک دۆلار بەرامبەر بە 29.65 لیرە بووە.
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستانیش رەنگدانەوەی هەبووە؛ کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداو گوت، ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک بە 34.10 لیرەی تورکییە. پێش هەفتەیەک، 100 دۆلار بەرامبەر بە 33.70 لیرە بووە.
بەرزیی رێژەی هەڵاوسان و رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای لیرەیە.
کۆتاییەکانی نیسانی ئەم ساڵ، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکیی گەیاندە 50%. لەوکاتەوە لەو رێژەیە جێگیری کردووە. هەڵاوسانیش لە مانگی رابردوودا 47.1٪ بووە.
بڕیارە 26ـی ئەم مانگەش، بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ بڕیاردان لەبارەی رێژەی سوودی بانکی کۆببێتەوە. زۆرینەی پێشبینییەکان دەڵێن، لەم مانگەوە بانکەکە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات.
کورتهێنانی بازرگانیی دەرەوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی بەهای لیرە؛ بەو واتایەی تورکیا زیاتر کاڵای هاوردە کردووە وەک لەوەی هەناردەی کردبێت، ئەمە واتە چوونەدەرەوەی زیاتری دۆلار بەراورد بە هاتنی.
28ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دەزگای ئاماری تورکیا رایگەیاند، کورتهێنانی بازرگانیی وڵاتەکە لە 10 مانگی ئەم ساڵدا 65 ملیار و 850 ملیۆن دۆلار بووە.
پێشبینییەکان بە ئاراستەی دابەزینی زیاتری بەهای لیرەن؛ بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکی مۆرگان ستانلی پێشبینی دەکات تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی 2025 بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بگاتە 39 لیرەی تورکی.
بانکی ناوەندی تورکیاش لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا پێشبینییەکانی بۆ بەهای دۆلار بۆ یەک ساڵ راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکانی بانکەکە لە ماوەی ساڵێکدا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە 41.41 لیرەی وڵاتەکەی دەبێت.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023، یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکانیش، لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ