دامەزراوەی ئاماری تورکیا: بێکاری لە سێیەمین چارەکی ئەم ساڵدا دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، رێژەی بێکاری لە سێیەمین چارەکی ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 0.1٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە 8.7٪.
 
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024، دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی بێکاری و ژمارەی بێکارانی لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە.
 
تویک دەڵێت، رێژەی بێکاری لەنێو کەسانی 15 - 25 ساڵ، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 0.5٪ کەمیکردووە و بۆ 16.8٪ دابەزیوە.
 
هەر بەگوێرەی تویک، ژمارەی بێکارانی تورکیا و باکووری کوردستان لە سێیەمین چارەکی ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 20 هەزار کەس کەمیکردووە و بووەتە سێ ملیۆن و 106 هەزار کەس.
 
لەبارەی دابینکردنی هەلی کارەوە تویک دەڵێت، لە سێیەمین چارەکی ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 136 کەسی دیکە کاریان دەستکەوتووە و ژمارەیان گەیشتووەتە 32 ملیۆن و 734 هەزار کەس.
 
هاوکات دابینکردنی هەلی کار بەراورد بە هەمان ماوەی پار بە رێژەی 0.1٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 49.6٪.