یاریدەدەری باخچەلی بۆ پەکەکە: چەکەکانتان دابنێن، ئێمەش ئەوەی پێویستە دەیکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاشار یڵدرم، یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، تورکیایەکی "بێ تیرۆر" و بێ کێشەیان دەوێت و داوا لە پەکەکە دەکات، چەک دابنێن و خۆیان رادەست بکەن.
 
یاشار یڵدرم لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی رێکخستنەکانی خارپێت، چەولیگ و مەڵەتی مەهەپە گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
یڵدرم گوتی، سیاسەت بۆ ئایندەی تورکیا دەکەن و تورکیایەکی "بێ تیرۆر، تورکیایەکی بێ کێشە لە بەرەی نێوخۆی" خواستی ئەوانە. 
 
ئەو بەرپرسەی مەهەپە بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پێویستە بەرەی نێوخۆ بەهێز بکرێت و گوتی، ئەرکی لەپێشینەی سیاسەتڤان پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتە. 
 
یاشار یڵدرم لەبارەی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا گوتی، هەموو شت بە چەک بەدەست نایەت و هەربۆیە "بانگهێشتیان دەکەن بۆ سیاسەت؛ دەبێت کەسێکیش بانگهێشتیان بکات. چەکەکانتان دابنێن و خۆتان رادەست بکەن. لە ژێر یەک ئاڵا، لە یەک نیشتمان، لە یەک دەوڵەتدا بژین و ئێمەش ئەوەی پێویست بێت دەیکەین".
 
یڵدرم بە ئاماژەدان بە گوتارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی، "دەوڵەت باخچەلی لە خۆیەوە هیچ قسەیەک ناکات. دەوڵەتداریی دەوڵەت باخچەلی گفتوگۆی لەسەر ناکرێت. تورکیایەکی بێ تیرۆر، تورکیایەکی بێ چەک، تورکیایەک کە لە بەرەی نێوخۆیدا هیچ کێشەیەکی نەبێت، ئەوە خواستی ئێمەیە".
 
ئەو بەرپرسەی مەهەپە گوتی، "لەلایەکەوە ئیسرائیل بەبێ گوێدانە منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو، نەوەیەک لەنێودەبات؛ لە سەرووی ئیمەوە رووسیا و ئۆکرانیا شەڕ دەکەن. دووری یەکێکیان هەزار کیلۆمەترە، دووری ئەوی دیکەیان 150 کیلۆمەترە. ئێمە لەو نێوەندەداین. هەربۆیە ناچارین لە ناوەوە یەکگرتوو بین؛ نابێت لە ناوەوە تیرۆر و چالاکیی تیرۆریستی هەبێت".
 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەم کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و رۆژی 22ـی تشرینی یەکەم هەنگاوێکی دیکەی نا و بانگی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە" و دواتر لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی فراکسیۆنی پارتەکە پێداگری لە قسەکانی خۆی کرد. 
 
باخچەلی کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، لەلایەکەوە پێداگرە لەسەر پەیامەکانی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەلایەکی دیکەوە دەڵێت، کۆتاییهاتنی پەکەکە نزیکە و دەم پارتی و جەهەپەش تۆمەتبار دەکات بەوەی بە فەرمانی قەندیل هەڵدەسووڕێن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە