ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە لەبارەی قەیووم کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە لەبارەی قەیووم کۆدەبێتەوە و پلانی نوێش بۆ چالاکییەکانی دادەنێت.
بڕیارە ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە لە شارۆچکەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ کۆببێتەوە.
31ی تشرینی یەکەمی 2024، بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا. رۆژی دواتریش دکتۆر ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانییەکە بە تۆمەتی ئەندامێتی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە دەستگیرکرا.
لەوبارەیەوە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە وەکو ئاماژەیەک بۆ شارەوانیی ئەسەنیورت، لەبری کۆبوونەوەیان لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە، بڕیاریانداوە لە باڵەخانەی لقی رێکخستنەکانی پارتەکە لە شارۆچکەی ئەسەنیورت کۆببنەوە. مژاری سەرەکیش داڕشتنی پلانی نوێ دەبێت بۆ بەردەوامی خۆپیشاندان و چالاکییەکانیان دژی بڕیاری قەیوومکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر کار و چالاکییەکانی تیمی پارێزەرانی جەهەپە سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانییەکە.
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپە رادەسپێردرێن بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵ لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کۆببنەوە بۆ ئاگاداربوون لە کێشە و داواکارییەکانیان و نووسینی راپۆرتێکی تێروتەسەل.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە تیمی ئابووریی جەهەپە دەکرێت کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو پارتە پێکدێن، تاوەکو کۆتایی ساڵ کار بکەن بۆ نووسینی راپۆرتێکی تێروتەسەل سەبارەت بە دۆخی ئابووریی تورکیا.
بەشێکی دیکەی رۆژەڤی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی دانانی قەیوم بۆ هەرسێ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیە و خالفەتی سەر بە دەم پارتی کە رۆژی 4ـی مانگ بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ قەیوومیان بۆ دانرا.