وەزیری ناوخۆی تورکیا: 1644 کۆچبەری نایاسایی و 51 قاچاخچی دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتی هێزە ئەمنییەکانیاندا لە باکووری کورستان و تورکیا 1644 کۆچبەری نایاساییان دەستبەسەر کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 18-11-2024 وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بە مەبەستی "رێگریکردن لە قاچاخیکردن بە کۆچبەران،" هێزەکانی جەندرمە و پۆلیس چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر چەند شوێنێک لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتی بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی کۆچی گشتیی تورکیا کراون.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لێکۆڵینەوە لەگەڵ 442 هەزار و 778 کەس کراوە و لە ئەنجامدا 1644 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کراون و 51 کەسیش بە تۆمەتی "بازرگانیکردن بە کۆچبەران" دەستبەسەر کراون.
 
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، رێکارەکانی پەیوەست بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرەکانیان دەستپێکردووە.
 
هێزەکانی پۆلیس و جەندرمە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستیان بەسەر 17 ئۆتۆمبێل، سێ بەلەم، هەشت چەکی بێ مۆڵەت و بڕێک مادەی هۆشبەردا گرت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و زۆربەشیان لەو کاتەدا بووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەورووپا.
 
هەر بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا سێ هەزار و 924 کەس بە تاوانی "قاچاخیکردن بە کۆچبەران" بەندکراون.