راپرسییەک: 44.8٪ـی خەڵکی تورکیا دەخوازن لە دەرەوەی وڵاتەکەیان بژین

دوێنێ کاژێر 12:05
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مێترۆپۆڵ بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان ئەنجامی دوایین راپرسی خۆی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت، 44.8٪ـی خەڵک دەخوازن تورکیا جێبهێڵن و لە وڵاتێکی دیکەدا بژین. 
 
ئۆزەر سانجار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێترۆپۆڵ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 12 تاوەکو 16ـی تەممووزی 2024 بۆچوونی هەزار و 699 کەسیان لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان وەرگرتووە. 
 
ئۆزەر سانجار نوسیوویەتی، پرسیاریان لە هاووڵاتیان کردووە کە ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، پێیان خۆشە لە دەرەوەی تورکیا بژین؟ ئەنجامەکەش بەم جۆرەیە: 
 
54.2٪ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە، پێیان خۆش نییە لە دەرەوەی تورکیا بژین و 44.8٪ـی دیکەیان پێیان باشە تورکیا جێبهێڵن و لە وڵاتێکی دیکەدا بژین و هۆکاری ئەو بۆچوونەشیان بۆ دۆخی ئابووریی تورکیا گەڕاندووەتەوە. 
 
لەنێو دەنگدەرانی لایەنە سیاسییەکاندا ئەوانەی پێیان خۆش نییە لە دەرەوەی تورکیا بژین 67٪ـیان دەنگدەر و لایەنگرانی ئاکپارتین، 37٪ـیان دەنگدەر و لایەنگرانی جەهەپەن، 76٪ـیان دەنگدەر و لایەنگرانی مەهەپەن، 46٪ـیان دەنگدەر و لایەنگرانی ئیی پارتی و 43٪ـیان دەنگدەر و لایەنگرانی دەم پارتین. 
 
لەبەرامبەردا 32.3٪ـی لایەنگرانی ئاکپارتی لەگەڵ ئەوەدان تورکیا جێبهێڵن، 62.1٪ـی لایەنگرانی جەهەپە، 23.5٪ـی لایەنگرانی مەهەپە، 52.3٪ـی لایەنگرانی ئیی پارتی و 52.1٪ـی لایەنگرانی دەم پارتی لەگەڵ ئەوەدان لە دەرەوەی تورکیا درێژە بە ژیانیان بدەن.  

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە