گرێبەستی نوێی تورکیا بۆ کڕینی S-400 کاردانەوەی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە

18-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەبارەی هەواڵی کڕینی دەستەیەکی دیکەی سیستەمی ئێس-400ی رووسی لە لایەن تورکیاوە، هۆشداری بە ئەنقەرە دەدات و داوای لێدەکات هەموو "هاوئاهەنگییەکی سەربازی" لەگەڵ مۆسکۆدا بپچڕێنێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، رۆبەرت مێندێز، سیناتۆری دیموکرات و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە تورکیا "لە رێگەی رەتکردنەوەی هەر هاوئاهەنگییەکی سەربازی لەگەڵ تاوانکارێکی جەنگیی وەکو ڤلادیمیر پووتین، پابەندبوونی تەواوەتیی خۆی بە ناتۆ و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمییەوە پێشانبدات."
 
ئەوە لە کاتێکدا کە میدیای رووسی رۆژی سێشەممە لە زاری دیمیتری شوگایێڤ، سەرۆکی فەرمانگەی فیدڕاڵیی هاوئاهەنگی تەکنیکی و سەربازی، بڵاویکردەوە کە رووسیا و تورکیا گرێبەستێکی نوێیان واژۆکردووە بۆ ئەوەی کاروانی دووەمی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-400 بە ئەنقەرە بفرۆشرێت. 
 
بەڵام سەرچاوەکانی بەرگریی تورکیا هەر زوو قسەکانی ئەو بەرپرسە رووسیەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، ئەوە گرێبەستێکی نوێ نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە گرێبەستی یەکەمی کڕینی سیستەمە بەرگرییەکە. 
 
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس رەخنە لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "لە نێوان بەردەوامبوونی پێشێلکردنی نەیارانەی سنووری ئاسمانیی یۆنان و دواخستنی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، من لە دڵەوە هیوا دەخوازم تورکیا ئاراستەی خۆی بگۆڕێت و بە بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی لە ئاست هاوپەیمانییە بەرگرییەکە جێبەجێبکات لە رێگەی هەڵسوکەوتکردن وەکو هاوبەشێکی بونیاتنەر لە ناوچەکەدا." دەشڵێت: "پێویستە ئەمریکا راشکاو بێت: هەر جۆرێک لە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ کەرتی بەرگریی رووسیا، دەبێتە هەڵەیەکی گەورە و ئاسایشی هاوپەیمانانمان لە ناتۆ و هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری ئەوروپا دەخاتە مەترسیی زیاترەوە."
 
بۆچی سیستەمەکە جێگەی نیگەرانیی ئەمریکایە؟
 
یەکەمجار لە ساڵی 2017 تورکیا سیستەمە بەرگرییە رووسیەکەی کڕی، کە ئەوەش بووە هۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا. لە ئەنجامدا، ئیدارەی ترەمپ تورکیای لە پڕۆگرامی فڕۆکەی ئێف-35 کردە دەرەوە و دواتر سزای خستە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و سەرکردەکانی. 
 
ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە کە رادارە بەهێزەکانی سیستەمی ئێس-400 رێگە بە رووسیا دەدات سیخوڕی بەسەر فڕۆکەکانی ناتۆ لە جۆری ئێف-35 بکات. 
 
بەگوێرەی شوگایێڤ، گرێبەستە نوێیەکەیان لەگەڵ تورکیا رێگە بە ئەنقەرە دەدات لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا هەندێ کەلوپەلی سیستەمی ئێس-400 دروستبکات. 
 
پەیوەندیی نێوان ئیدارەی بایدن و ئەنقەرە تاوەکو پێش شەڕی رووسیا و ئۆکرایناش روو لە لاوازبوون بوو، ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لە نێویاندا دەستبەردارنەبوونی تورکیا لە سیستەمە رووسیەکە، کشانەوەی لە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان.
 
بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕەکەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، ئەنقەرە توانی وەکو نێوەندگیر سەنگی خۆی لە ناوچەکەدا بسەلمێنێت و لە چاوی ئەمریکای هاوپەیمانی ناتۆیدا، بەرزبووەوە. 
 
لە لووتکەی ناتۆ لە حوزەیرانی ئەمساڵ، لە بەرامبەر نەرمی نواندنی تورکیا بەرامبەر ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف شازدە بە تورکیا دەربڕی، کە ئیدارەی ترەمپ ئەوەشی وەستاندبوو. 
 
رۆژی چوارشەممە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتیکردەوە گرێبەستی نوێی ئێس-400ـەکان وا لە ئیدارەی بایدن بکات دووبارە بە پلانی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بە تورکیادا بچێتەوە، بەڵام داواشی لە تورکیا کرد، کە هاوئاهەنگیی زیاتری لەگەڵ رووسیا نەبێت. 
 
دووشەممەی رابردوو، شاندێکی تورکیا سەردانی ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی گەڕی چوارەمی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەگەڵ واشنتن لەسەر گرێبەستێکی چاوەڕوانکراوی فڕۆکەی ئێف-16 بکەن، ئەوە بە گوێرەی میدیای تورکی. 
 
تورکیا داوای لە ئیدارەی بایدن کردووە بایی 6 ملیار دۆلار 40 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری Lockheed Martin Block 70 F-16ی پێ بفرۆشێت. 
 
هەروەها دەیەوێت بایی 400 ملیۆن دۆلاری دیکە، کەلوپەلی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکە ئێف-16ەکانی بکڕێت، لە نێویشیاندا، مووشەک، رادار و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. 
 
بەڵام رۆبێرت مێنێندێز کە بە بۆب مێنێندێزیش دەناسرێت، بەهۆی دەستهەڵنەگرتنی تورکیا لە سیستەمی ئێس-400، پێشێلکردنی سنووری ئاسمانیی یۆنان و قوبرس، "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" و هێرشکردنە سەر هەسەدە لە رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، هەڕەشەی شکستپێهێنانی ئەو گرێبەستانەی کردووە. 
 
ئەمریکا ئاگاداری گرێبەستە نوێیەکەیە؟
 
وێڕای ئەو ناکۆکییانەی کە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ناتۆ دروستیکردوون، تورکیا توانیویەتی لە رێگەی پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا دژی رووسیا، وێنەیەکی باش لە چاوی واشنتندا بۆ خۆی دروست بکات. 
 
تورکیا درۆنی بایراکتاری جۆری TB2ی بە ئۆکراینا فرۆشتووە کە لە رێگەی لەیزەرەوە مووشەکەکانی بە وردی ئاراستەی سەربازانی رووسیا کردووە و زیانی گیانی و ماددی بەرچاوی پێگەیاندووە. 
 
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، ئۆکراینا ئاشکرایکرد کۆمپانیای بایراکتار کارگەیەکی دروستکردنی ئەو درۆنە شەڕکەرانە لە نێو ئۆکراینادا دادەمەزرێنێت. 
 
هەروەها چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، تورکیا توانی وەکو نێوەندگیر رۆڵ لە بەدیهێنانی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینی بگڕێت، کە چاوەڕواندەکرێت لە رەواندنەوەی قەیرانێکی جیهانیی خۆراکدا سوودی هەبێت. 
 
ئێریک ئێدڵمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا بۆ تورکیا و بەرپرسی باڵای پنتاگۆن، پێیوایە گرێبەستی ئێس-400ەکە لە نێوان ئەردۆغان و پووتیندا هەوڵەکانی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا "تێکدەدات". دەشڵێت، ئەوە لانیکەم "هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ فرۆشتنی ئێف-16ەکان بە تورکیا زەحمەت دەکات."
 
بەڵام جیم تۆونسێند، بەرپرسی هەرە باڵای پێنتاگۆن بۆ سیاسەتی ئەوروپا و ناتۆ لە سەردەمی ئیدارەی بایدن باس لەوە دەکات ناکرێت گرێبەستە نوێیەکەی سیستەمی ئێس-400 بەبێ ئاگاداریی پێشوەختی ئەمریکا بووبێت، بەڵکو پێیوایە بەشێکە لە گرێبەستی دانەوێڵەکە. دەشڵێت: "دەکرێت ئەمە پاشكۆی ئەو رێککەوتنە بێت، ئەگەر شتەکە بەو شێوەیە بێت، ئەوا رەنگە گوێمان لێی بووبێت، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە پشتەوە لەم گفتوگۆیانەدا بووین، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە تورکەکان ناچار نین لە بری ئەمریکا باجێک بدەن تاوەکو رێککەوتنی دانەوێڵەکە سەربگرێت."
 
هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد کە کاردانەوەی لاوازی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەواڵی گرێبەستی ئێس-400، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە واشنتن لەسەر گرێبەستەکە ئاگادار و رەزامەندە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە