لە تورکیا و باکووری کوردستان دەست بەسەر 1.7 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، دەست بەسەر یەک تۆن و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە. 
 
رۆژی 17ـی تەممووزی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 57 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لە دژی مادەی هۆشبەر و بازرگانەکانیان کردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر یەک تۆن و 700 کگم مادەی هۆشبەر، یەک ملیۆن و 181 هەزار حەبی کیپتاگۆن-دا گیراوە. هەروەها 396 کەسیش دەستگیرکراون. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی دوو هەزار و 475 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەچوو، کە بەسەر 990 تیم دابەشکرابوون. هەروەها هەشت هێلیکۆپتەر و 34 سەگی راهێنراو لە دۆزینەوەی مادەی هۆشبەردا بەشداربوون.   
 
ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی ئامەد، وان، دیلۆک، مەلەتێ، رووها، مەرەش، ئێلیە، خارپێت، ئەرزینگان، مێردین، ئەرزەڕۆم، شرنەخ، سەمسوور، بەدلیس و مووش-ی باکووری کوردستان. هەروەها لە پارێزگاکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، کۆنیا، ئادانا، ئەنتاڵیا، تۆکات، سامسوون، ساکاریا، دەنیزلی، موغلا، کۆجائێلی، ئۆردو، تەکیرداغ، ترابزۆن، قەیسەری، نەڤشەهیر، نیدە، عوسمانییە، مەرسین، کوتاهیا، بالکئەسیر، بایبورت، ئیسپارتا، کرکلارئێلی، ئەسکیشەهیر، هاتای، مانیسا، ئافیۆن، دوزجە، کارابوک، سینۆپ، ئوشاک، یالۆڤا، زۆنگوڵداک، ئایدن، ئاکسارای، بیلەجیک، چۆروم، کارامان، کیلیس و بورسا-ی تورکیا کران.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت: "جگە لە مادەی هۆشبەر، دەست بەسەر ژمارەیەک چەکی بێمۆڵەتیشدا گیرا".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە