لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ناردنی ئاژەڵ لە وانەوە بۆ پارێزگاکانی تورکیا بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان کە لە رووی ژمارەی مەڕوماڵاتەوە لەسەر ئاستی تورکیا لە ریزبەندیی یەکەمدایە، بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، رەوانەکردنی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا بەردەوامە.

 

 
ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن ئاژەڵدارانی پارێزگاکەوە بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرەوە لە مێرگ و تەوێلەکاندا بەخێودەکرێن، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەوە دەپشکنرێن.

 

دوای پەسندکردنیان، ئاژەڵەکان لە بارهەڵگرەکاندا بار دەکرێن و دەبرێنە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئادانا، ئیزمیر، ریزە، ئەنتاڵیا و قۆنیا.

 
نرخی هەر سەرئاژەڵێکی بچووک لە نێوان 9 بۆ 15 هەزار لیرە (380 بۆ 635 دۆلار) دەفرۆشرێت. لە بازاڕەکاندا نرخی هەر بەرانێک بە 8 بۆ 12 هەزار لیرە (340 بۆ 510 دۆلار) و هەر مەڕێک بە 4 بۆ 6 هەزار لیرە (170بۆ 255 دۆلار) دەفرۆشرێت. ئەمساڵ خواست لەسەر ئاژەڵی بچووک زیاترە. 

 

پزیشکەکانی ڤێرتەرنەری، لە بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگای وان، بەر لە بارکردنی ئاژەڵەکان بۆ بارهەڵگرەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی دیکە پشکنینیان بۆ دەکەن.