رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.7 پلەی رێختەر لە پارێزگای تۆکات لە ناوچەی دەریای رەش لە تورکیا روویدا.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 18:11 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی نیسانی 2024، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.7 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی سولوسەرای سەر بە پارێزگای تۆکات روویدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 5.9 کم تۆمارکرا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هەژماری ئێکس رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی تۆمارنەکراوە، بەڵام زیانی مادی بەدیکراوە و تیمەکانی ئافاد لە گۆڕەپانەکاندان بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و هاوکاریکردنی لێقەوماوان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئافاد، شەش خولەک دوای بومەلەرزە بەهێزەکە، دوو پاشلەرزە بە گوڕی 3.5 و 3.6 روویانداوە.
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوبات تاوەکو ئێستا 51 هەزار و 161 پاشلەرزە روویانداوە، کە 14 پاشلەرزە 6 پلە و 87یان 5 پلە بووە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ